کوردستان

02:22 - 2/5/2021

‍ نێچیرڤان بارزانی: بۆ رێگەگرتن لە زیاتر بەهێزبوونەوەی داعش لە ناوچە ناکۆکی‌لەسەرەکان، هێزی هاوبەش دروست‌بکرێت

‍ نێچیرڤان بارزانی: بۆ رێگەگرتن لە زیاتر بەهێزبوونەوەی داعش لە ناوچە ناکۆکی‌لەسەرەکان، هێزی هاوبەش دروست‌بکرێت

 
هەورامان‌نیوز: ئەمڕۆ شەممە یەکی مای، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە لە پردێ، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "چەندین جار حكومەتی فیدرالیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشمان لە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش و سوودوەرگرتن لە بۆشاییە ئەمنییەكانی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ئاگاداركردووەتەوە. هێرشی شەوی رابردووی داعش لەو میحوەرەی پێشمەرگەدا هاوكات بووە لەگەڵ چەند هێرشێكی دیكەی داعش دا." 
🔹سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان دروستبووە بە "مەترسییەكی زۆر گەورە" لەسەر هەرێمی كوردستان و هەموو عێراقی تەوسیف دەکات و داوای دروستکردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکات و ئامادەیی هەرێمی كوردستان بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك لەو پێناوەدا دەردەبڕێت.
🔹بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هێرشێکی چەکدارانی داعش بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە سێ پێشمەرگە شەهید و دووی دیکەش بریندار بوون، هەروەها نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدەکان دەکات و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
 🔹دەقی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان:
 
🔸كاتژمێر 12:30ی شەوی رابردوو، چەكدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە میحوەری رۆژئاوای كەركووكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە نزیك گوندی قایەباشی لە سنووری شارۆچكەی پردێی پارێزگای كەركووك، لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە كە بە قارەمانانە بەرەنگاری داعش بوونەوە، گیانیان لەدەستدا و شەهیدبوون. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەرسێ پێشمەرگەی شەهید دەكەین و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.
 🔸ئێمە چەندین جار حكومەتی فیدرالیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشمان لە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش و سوود وەرگرتن لە بۆشاییە ئەمنییەكانی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ئاگاداركردووەتەوە. هێرشی شەوی رابردووی داعش لەو میحوەرەی پێشمەرگەدا هاوكات بووە لەگەڵ چەند هێرشێكی دیكەی داعش دا.
🔸لێرەدا جارێكی دیكە داوا لە پەرلەمان و حكومەتی فیدرالیی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەكەین، بەخێرایی كاربكەن لەسەر دروستكردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دا لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، بۆ ئەوەی چیدیكە ئەو ناوچانە وەك كۆریدۆری جموجۆڵە تیرۆریستییەكان لەلایەن داعشەوە بەكارنەهێندرێت، چونكە ئەوە مەترسییەكی زۆر گەورەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی هەموو ناوچەكە و جیهان. هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك لەپێناو دروستكردنی ئەو هاوبەشی و هاوئاهەنگییە بەشێوەیەكی خێرا.
 
      نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
     1ی ئایاری 2021

بۆچوونی تۆ؟
Loading...
بۆچوون

هیچ بۆچوونێک دانەنراوە.