جیهان

11:50 - 2/5/2021

‍ عێراق تاوەکوو 2030دەبێتە خاوەن چەندین بڕۆژەی ئەتۆمی/عێراق لە دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمیدا، هاوکاری هەرێمی کوردستان دەکات

‍ عێراق تاوەکوو 2030دەبێتە خاوەن چەندین بڕۆژەی ئەتۆمی/عێراق لە دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمیدا، هاوکاری هەرێمی کوردستان دەکات

 

هەورامان‌نیوز: دەستەیک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە تیشکدەرەکان رایگەیاند تاوەکو ساڵی 2030 عێراق دەبێتە خاوەنی هەشت وێستگەی ئەتۆم و نزیکەی 14٪ بۆ 25٪ی کارەبای عێراق لەو وێستگانە بەرهەم دێت، دەشڵێت ئەگەر هەرێمی کوردستان بیەوێت ببێتە خاوەنی وێستگەی ئەتۆم هاوکار دەکەن. 
 د. کەمال حوسێن، سەرۆکی ئەو دەستەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پلانمان بۆ دامەزراندنی هەشت وێستگەی ئەتۆم بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا داناوە، ئەمساڵ دەست بە دروستکردنی یەکەم وێستگە دەکەین".
 د. کەمال حوسێن ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ رووسیا و فەڕەنسا و کۆمپاکانیاکانیان لە گفتوگۆدان، گفتوگۆکان لەگەڵ رووسەکان نزیکبوونەتەوە بۆ لێکتێگەیشتنی تەواوەتی، لەگەڵ فەڕەنسییەکانیش لەسەر هێڵن و چەندجارێک گفتوگۆیان کردووە. گوتیشی: "لەبەرنامەماندایە لەگەڵ ئەمریکا و چینیش بۆ ئەو مەبەستە قسە بکەین".
سەرۆکی دەستەی عێراقی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە تیشکدەرەکان، لەبارەی ئامانجی دامەزراندنی ئەو وێستگە ئەتۆمیانە گوتی: "ئەو هەشت وێستگە ئەتۆمییەی پلانمان هەیە تاوەکو ساڵی 2030 دایانبمەزرێنین لەنێوان 8 بۆ 10 هەزار مێگاوات کارەبایان لێ بەرهەم دەهێنرێت. بەمەش 14٪ بۆ 25٪ی کارەبای عێراق لە رێگەی ئەو وێستگە ئەتۆمیانە بەرهەمدێت".
 د. کەمال حوسێن، بە بایەخەوە باسی پڕۆژەکانی کرد و گوتی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراق بە سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییە خراپانەی بەهۆی دەرپەڕاندنی گازی دوانۆکسیدی کاربۆنەوە هەیە، لەگەڵ کەمکردنەوەی نرخی بەرهەمهێنانی کارەبا و فرە رەنگکردنی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق.
 لەبارەی ئەو شوێنانەشی بۆ دامەزراندنی وێستگەکان پێشنیاز کراون، سەرۆکی دەستەکە ئاشکرایکرد ئەو شوێنانە پێویستە دووربن لە ئاوەدانی و نزیکی رووبارەکان بن، بۆیە ئەوان لە پارێزگای کوت شارۆچکەی سوێرە و لە پارێزگای بەسرا دوو شوێنیان پێشنیازکردووە، لەگەڵ عیمارە یان ناسرییە.
 سەبارەت بە دامەزراندنی وێستگەی ئەتۆم لە هەرێمی کوردستان، د. کەمال حوسێن گوتی: "هەرێمی کوردستان لەرووی بەرهەمهێنانی کارەباوە باشترە، بەڵام دەبێت واز لە پشتبەستن بە سووتەمەنی بهێنێت، ئەگەر هەرێمی کوردستان بیەوێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا وێستگەی ئەتۆم دابمەزرێنێت، ئێمە ئامادەین راوێژی بێبەرامبەری پێبدەین".
 د. کەمال حوسێن، لەبارەی ئەوەی ئایا وڵاتانی کێشەیان لەگەڵ دامەزراندنی ئەتۆمی ئەتۆمی لەعێراق نییە، بەتایبەت ئەمریکا، گوتی: "عێراق لەژێر کاریگەرییەکانی بڕگەی حەوتەمی نەتەوەیەکگرتووەکان دەرچووە، هەروەها بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان ژمارە 1957 و 1958 هانی عێراق دەدەن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە سوودوەرگرتن لە وزەی نوێبووەوە و وزەی ئەتۆم".
 هەروەها گوتیشی: "ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و چەندین دامەزراوەی دیکەی جیهانی باسیان لە گرنگی بەدەستهێنانی وێستگەی ئەتۆم بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق کردووە، بۆیە ناکرێت عێراق ئەو هەموو سووتەمەنییە بۆ کارەبا بسووتێنێت".
 ئاشکراشی‌کرد کە لەچەند رۆژی رابردوو لەگەڵ ئەمریکییەکان و باڵێۆزخانەی ئەو وڵاتە لەبەغدا کۆبوونەتەوە و بۆیان روونکردنەتەوە کە پێیانباشە ئەمریکییەکانیش لە بونیادنانی وێستگەی ئەتۆم بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا رۆڵ بگێڕن.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە دامەزراندنی وێستگەی ئەتۆم بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە (رووداو)ی گوت: "دەبێت وەزارەتی کارەبای عێراق ئەو پرسەمان لەگەڵ بکات. تاوەکو ئێستا ئەو بەرنامەمان نییە، بەڵام ئەوە یەکێکە لە هەواڵە خۆشەکان و لە کاتی خۆیدا پێشوازی لێ‌دەکەین".

بۆچوونی تۆ؟
Loading...
بۆچوون

هیچ بۆچوونێک دانەنراوە.