تەندروستی

12:53 - 14/4/2021

بەرۆژووبوونی مانگی رەمەزان و پەیوەندیی بە نەخۆشیی کۆڤید-١٩

بەرۆژووبوونی مانگی رەمەزان و پەیوەندیی بە نەخۆشیی کۆڤید-١٩ (ڤایرەسی کۆڕۆنا) و ڤاکسینی دژە کۆڕۆنا.

د.زانا دزەیی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ھەناو
▪︎بەشێک لە ھاووڵاتیان پرسیاری ئەوە دەکەن:
ئایا وەرگرتنی ڤاکسینی دژە کۆڤید-١٩ (کۆڕۆنا) لە مانگی ڕەمەزاندا، ڕۆژوو بەتاڵ دەکاتەوە؟!
▪︎وەڵام⁄
نەخێر، ڕۆژوو بەتاڵ ناکاتەوە، زانایانی ئایینی ئیسلام دەڵێن ڕێگەپێدراوە و دەتوانیت لەکاتی ڕۆژووبوون وەریبگریت.
*سەرچاوە: گۆڤاری بەناوبانگی پزیشکی (لانسێت).
*تێبینیی: ھەندێ کەس نیشانە لاوەکییەکانی ڤاکسینەکە بە تووندی دەگرن وەک (تاو لەرزێکی زۆر، بێ ھێزیی، ئێش و ئازاری ماسوولکە)، بۆیە دەشێت بەھۆی ئەم ئازارانەوە نەتوانن ڕۆژووەکەیان بەردەوام بێت و پێویستیان بە وەرگرتنی دەرمان ھەبێت، بۆیە پێویستە لەم کاتانەدا ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت بۆ شکاندنی ڕۆژووەکە.
•پرسیاری دووەم⁄
ئایا ئەوەی تووشی نەخۆشیی کۆڤید-١٩ بێت، دەتوانێت بە ڕۆژوو بێت؟
•وەڵام⁄
یەکێک لە ڕێگەپێدراوەکانی شکاندنی ڕۆژوو لە شەریعەتی ئیسلام، نەخۆش کەوتنە و لە قورئانی پیرۆزیش ئاماژەی پێکراوە، بەڵام کامە نەخۆشیی؟ ئایا ھەموو نەخۆش کەوتنێک؟
بە دڵنیاییەوە نەخێر، ھەندێ نەخۆشیی تایبەت ھەن کە ڕێگەیان پێدراوە.
▪︎نەخۆشیی کۆڤید-١٩ و ڤایرەسی کۆڕۆنا، لە بەشێک لە تووشبووان نەخۆشییەکە بە تایبەتی ئەوانەی تەمەنیان سەرووی ٦٠ ساڵە و نەخۆشیی درێژخایەنیان ھەیە، یان ئەوانەی بە قورسیی گرتوویانە و نەخۆش پێویستە لە نەخۆشخانە بخەوێندرێت، ئەمانە لە ڕووی پزیشکییەوە نابێت و ناشێت بە ھیچ جۆرێک ڕۆژوو بگرن.
▪︎بەشێکی تریان نەخۆشییەکەیان مامناوەندە، واتا لە ماڵەوەن و چارەسەر وەردەگرن، ئەمانە باشترە تا دوو ھەفتەی یەکەمی نەخۆشییەکە ڕۆژوو نەگرن. بەڵام، ئەم ژمارەی ڕۆژانە دەشێ کەمتر و زیاتر بێت، لەسەر بارودۆخی نەخۆشەکە و ڕاوێژ بە پزیشک، دەوەستێت.
▪︎ئەوانەی نەخۆشییەکەیان بە سووکیی گرتووە، باشترە ٢٤ کاتژمێر دوای نەمانی نیشانەکانیان، ڕۆژوو بگرن.
•پرسیار⁄
ئایا ڕۆژوو گرتن لە ڕەمەزان ئەگەری تووشبوون بە کۆڤید-١٩ زیاد دەکات؟
•وەڵام⁄
نەخێر، ھیچ داتایەکی زانستیی باوەڕپێکراو نییە ئەوە بسەلمێنێت کە ڕۆژوو ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکە زیاد دەکات.
▪︎بۆ ھەر پرسیارێک سەبارەت بە ڕۆژوو بوونت لە کاتی تووشبوونت بە کۆڤید-١٩، باشترە ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕی ئەو بوارە بکەیت.
ھاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە ھەموو موسڵمانان پیرۆز بێت، مانگی کۆتایی و ڕزگاریی یەکجارەکی بێت لەم ڤایرەسە نەگریسە. خودا ھەموو لایەک بپارێزێت.

بۆچوونی تۆ؟
Loading...
بۆچوون

هیچ بۆچوونێک دانەنراوە.