بیروڕا

01:45 - 24/6/2021

ابراهیم حاجی

خوا کڵاوی بۆ بەڕوو کردووە

خوا کڵاوی بۆ بەڕوو کردووە


 لەرۆژی جیهانی باوکاندا
ئیبراهیم حاجی زەڵمی
رۆژی ٢٠/٦ وەک رۆژی جیهانی باوکان دیاریکراوە، پێم خۆش بوو سەرەتا سلاو ریزو خۆشەویستی خۆم بە باوکانی جیهان بەگشتی و باوکی ئازیزیشم بگەیەنم، دایکی خۆشەویستیم کە رۆلی باوکایەتی لە پەنای دایکایەتیدا بۆ خانەوادەی حاجی زەڵمی گێراوە، لەو رۆژەدا سێ دەستەواژە وەک یادەوەری و بەرهەمهاتوویەکی پێگەیاندنی و ئەزمونی بۆ ژیانم لەو باوکم و دایکمەوە باس لێوەدەکەم:
گومانی تیا نیە کە بنچینەی هەموو کۆمەڵگەیەک خێزانەو باوک و دایک وەک دامەزرێنەرو پێکهێنەرو بەڕێوەبەری ئەو یەکە کۆمەڵایەتیە هەژمارن، خێزانیش یەکەم قوتابخانەی مرۆیی و پەروەردەکاری نەوەکان و پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی و بەهایی و ئاینی و ئابووری ونەتەوەیی و ..هتد.ئەندامانی مرۆیی کۆمەڵگەکان دێتە هەژمار. گومانی تیا نیە کەتاکەکانی کۆمەڵگە لەیەکەم دەزگای کۆمەڵایەتی کەخێزانەکانن لەوێوە گۆش دەکرێن و ئامادە دەکرێن و هەر خێزانەو بە شێوازی خۆی بەو نۆرم و شێوازو بیرو دونیابینیەی کەلەهەگبەی پێکهێنەرەکانی خێزاندایە کەدایک و باوکە سازیان دەکات دەیاننیێرێتە نێو کۆمەڵگەو دەزگاکانی، بۆیە جۆری دونیابینی و ئەو دوانە بۆ تاکەکانی کاریگەری لەسەر ژیانی ئێستاو ئایندەی تاکەکانی خێزان سەرەتا،  دواجار ...کۆمەڵگای مرۆیی دەبێت.
من وەک خۆم پێم خۆشە سێ دەستەواژەی یاداشتکراوم لەو دووکەسەی پەروەدەکارم لەم رۆژەدا بنوووسمەوە، واتەسێ دەستەواژە هەبوون، باوکم و دایکم زۆر جار گوێم لێ دەبوو لە چەند سات و شوێنی جیادا بەکاری دەبردن جێگەی تێرامانی منن ئیمرۆو ئەوکاتیش لەکاتی بەکارهێنانیان جێگەی خۆیان دەگرت!!
یەکەمیان: کەمناڵ بووین ئەگەردووچاری ئازارێکی جەستەیی  بهاتینایە بەجۆرێک ئازارەکەی بمانی هێنایە گریان و پێویست بە دەمەوەهاتنی دایکمانی بکردایە، ئەوکات دەستەواژەی ( شتێکی ئەوتۆی مەترسیدار نیە؟! گەورەبوون لەبیرتان دەچێتەوە!).
ئەم دەستەواژەیە بۆخۆی جۆرێک بوو لە چارەسەری دەروونی و کرانەوەیەکی هیوا بەڕووی ئایندەمانداو بەدەر لەوەی پاڵپشتێکی مەعنەوی بۆ کەمکردنەوەی ئازارو لەبیرچوونەوەی.
ئەوکات کەبیرم دەکردەوە گەورەبوون تەنیا جەستەیی نەبوو، لەسەر چەمکی تەندروستی جەستەیی خۆی نەدەهێشتەوە، بەڵکو بۆ شتانی تریش بوو.. پێم وابوو گەورەیی زۆر مانای تری هەبوو، لەوانە بەهێز بوون بێ هێزیم بۆ بەرکەنار دەکات، دەوڵەمەندیم هەژاریم بۆ لەبیر دەباتەوە، گەنجیم مناڵیم بۆ بەرکەناردەکات، توانام نا ئازادیم بۆ فەرامۆش دەکات، ئازادبوونم...چەرمەسەری و  ئازارو مەینەتیەکانی ژێردەستەییمان لەوکاتەی بەعس وەبیردەباتەوە... لێرەداو لەم رۆژەی  کە منیش باوکم و لەم رۆژی گەورەبوونەی خۆم بەتەمەن و گەورەبوونەی دەسەڵاتی سیاسی و ئازادیەی گەلەکەم لەچاو ئەو ساتە دیسان منیش دەستەواژەکەی (باوک و دایکم) بەمناڵەکانمی دەڵیمەوەو چونکە هێشتا پێویستمانەو شتی زۆر ماون ئازارمان ئەدەن و شتی زۆر نەکراوو هیوای زۆر هەرماوون!!پێویستمان بەگەورەبوونی تر هەیەو دەبێت گەورەبین ئەوانەمان بۆ بیرببەنەوە.
دووەم: باوکم هەر بۆکاری دڵدانەوەی خۆی و هەرکەسێکی تر لەکاتی هەبوونی کێشەو گرفتێک کەلەسەر دڵو دەروونی گران بوایە دیسان دەستەواژەیەکی بەکاردەهێنا ئەویش دەستەواژەی( ئەمەش دەڕوات و کۆتایی دێت!!) بەمانا ئەمەش شتێکی هەمیشەیی نیەو تاسەر لەسەر دڵان ئەو قورساییەی نابێت. لەمەشەوە جۆرێک لە بچووکردنەوەی کێشەکەو پاشان بەشتێکی رەفتەنی تەماشەکردنی دەبوویە جۆرێک لە مەرهەم و ساڕێژکەری کێشەکە.
 ئیمڕۆ دەبینم کاتێک زۆر کێشەو نادادی و کارو کردەی لەسەردڵگران لەنێو کۆمەڵگەکەمدا هەرماوەو منأڵەکانم هەستی پێدەکەن و وەک هەمان دەستەواژەی یەکەم ئیمرۆش من بەمناڵەکانم دەڵێمەوە، دەلێم (ئەمەش دەڕوات و کۆتایی دێت!!) بەڵێ ئەم نادادیەش هەر کۆتا دەگات!! ئەم دەست نەگەیشتنە بە دەرو دەروازەی جێبەجێبوونی خەمی نەتەوەیەک بگرە تا خەم و داواو پێوستی کاری رۆژانەی گەنجێک کەسەری خۆی هەڵدەگرێت بۆ هەندەران بەهۆی گەندەڵی و حەپەلووشی یەک دوو تاقمی بەرهەمی  خەباتی نەتەوەیەکەوە، قۆرخی بێ ئیمان و ئامانی دەستەیەکی سیاسی و ئابووری کەرتی تایبەتەوە لە پەنای دەسەڵاتی سیاسی کوردی ئیمرۆماندا ئەو دەستەواژەیەی گەرەکە!!.
سێیەم: فیراری، چەمکێکی سیاسی و سەربازی ساڵەکانی حەفتاو هەشتاکان بوو، بەهەرکەسێک دەوترا کە ملکەچی داواکانی حیزبی بەعسی نەدەکرد و ئیتر رایدەکردو بەقاچاغ هەژمار دەکراو پێیان دەوت (فیرار)، باوکم سروشتی وابوو مل کەچی ستەم و داواکاریەکانی ئەوکاتی بەعس نەدەبوو، ژیانی هەر بە (فیراری) بەڕیوە دەبرد، ١٩٧٥- بۆ ١٩٧٧ فیراربوو گیراو پاش ئەشکەنجەیەکی زۆرو پاش شەش مانگ بەربوو، لە سالی ١٩٨١ەوە دیسان فیرار بوو تا ساڵی ١٩٨٩ بەر لێبوردنی گشتی کەوت و گەرایەوە لە ئێران و لەشەری  کوەیتیشدا دیسان فیرار کەوەتەوە، تا راپەرینەکە کۆتایی بەژیانی هەمیشەیی فیراری هێنا، سەرم سوڕدەما لە باوکم زۆرجار پییان دەوت بۆ فیراری ئیدیۆمی ( خوا کڵاوی بۆ بەڕوو کردوە!!) وەڵامی بوو، لەوەوە تێدەگەیشتم کە پیاوی ئازا کڵاوی بەسەریەوە دڕاوە نەک کەوتبێتە زەوی! سەربەرزی و ئازادی هەمیشە بەژیانی تر نەگۆریوەتەوە!! لە هەشتاکاندا ئێمە کە لەگوندێکی سنووری و بەرکەناردا دەژیاین، زۆرجار دەهاتن هاوری رەفیقەکانی لە(بەرەی جود) ئەوکات دەیانوت تۆ بۆ چەکمان لەگەڵ هەڵناگری لەکاتێکدا فیراری و دژی بەعسی؟ بێ دەنگ دەبوو تێدەگەیشتم کە شەری ناوخۆو نەیاری یەکتری و خۆخۆری و هەرکەس بۆخۆیی پارتەکانی کوردی بەرگیر بوو لەبەردەم چەک هەڵگرتنی یەکجارەکی ئەو لەنێو پێشمەرگە لەکاتێکدا خۆی چەکی هەبوو ئەوەی پێشمەرگەی راستەقینە بیکردایە دەیکرد! لەبەرگری و لەدژایەتی و نەیاری بەعس، حەزی بەسەربەرزی بوو، ملکەچی پێ قەبوول نەدەکرا، ئیمرۆ دەبینم لەنێو ژیانی سیاسی و کۆمەلایەتی کوردەواریدا جۆرێک لەم نەیاری و نەبوون بۆ پاڵپشتی سیاسی و پارتایەتی ئەم پارتانەی کوردی ، درێژکراوەی هەمان بیرکردنەوەی باوکمیان لەنێو دایە، ئەوانەی لایەنگیری ئەم پارتانە ناکەن ئەو جۆرە کارکردنەی ئەوانیان پێ قەبووڵ نیە چونکە خەریکی کارکردن بۆ خۆیانن زیاتر نەک بۆ گەل و نەتەوە.
لێرەوە دەڵێم سەربەرزبن هەموو ئەو باوکانەی کە لەبیری زیاتری خەڵکیدان و دۆستی و نەیاریان لە پێناو چاکویستی و سەربەرزی گەل و نەتەوەکەیانە، چ شیرینە کۆتا گوتەی باوکم بنووسمەوە لەم یادەدا..( رۆڵە بۆ خەڵکی و گەلەکەتان بژین، ئەوان لەیادتان ناکەن، ئەگەر بۆ خۆشتان ژیان بەتەمای تەنها خۆتان بن.......)
دەکرێ ئەم جۆرە باوکانە باوکی مەعنەوی زۆرینەی کۆمەڵگەکەی من بن و بیرکردنەوەی دوێنێ و ئیمرۆشیان لەم شێوەبێ.

 

01:46 - 24/6/2021 نوێ کراوەتەوە

بۆچوونی تۆ؟
Loading...
بۆچوون

هیچ بۆچوونێک دانەنراوە.