ژنان

07:20 - 8/3/2021

8ی مـارس رۆژی جیهـانی ژنـان

8ی مارسی هەموو ساڵێک، بە ڕۆژی جیهانی ژنان ناسراوە.


ڕۆژێک کە پاش هەوڵ و ماندووبوونی ژنانی ئازا و چالاک،  لە لایان ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، وەک ڕۆژی جیهانی ژنان دیاری کراوە. رۆژێک کە لەودا، لە سەرتاسەری جیهان، کۆڕ و سمینار و پرۆگرامی تایبەت بەو ڕۆژە و سەبارەت بە پرس و کێشەکانی ژنان دەبەسترێت و پێداگری لە مافە رەوا و ئینسانییەکانی ژنان دەکرێت. بە تایبەت لەو وڵاتە پێشکەوتووانەی کە تا ڕادەیەکی زۆر، خواست و مافەکانی ژنان، بە فەرمی ناسراوە. هەرچند هێشتا مەودایەکی زۆر ماوە لە بەدیهاتنی داواکاری و خواستە یەکسانیخوازانەکانی ژنان و بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە ئەزموونێکی باشیان لە کولتوری دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ نیە.
      ڕەنگە یەکێک لەو دەڤەر و ناوچانەی جیهان کە هەڵای هیچ ئەزموونێکی قووڵ و تۆکمەی لە دیموکراسیەت و کولتووری پێکەوەژیان و مافەکانی مرۆڤ نەبێت و بە هزر و ئاوەزی ئاخەنراوی کولتووری ئایینی،  نەریتی نێرسالاری، ئایدۆلۆژیەت و بیری شۆڤێنی و دیکتاتۆریەت، بەناوبانگە ، ناوچەی پڕکێشمەکێشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. دیارە لە وەها دۆخێکدا مرۆڤ نەک هەر لەگەڵ ماف و خواستەکانی ئاشنا نیە ، بەڵکو لە خوڵقاندنی ئەو کەشە چەقبەستووەدا، ڕۆڵ دەبینێت. بەم پێیە دەکرێ بەم  ئاکامە بگەین کە ژن نەک هەر نەیتوانیوە بە مافەکانی بگات، بگرە ژن لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا، ئاشنا بە ماف و داواکاریەکانی نیە و زۆر زیاتر، تووشی چەوساندنەوە و توندوتیژی، دەستدرێژی و... بۆتەوە و هەتا دێ مەینەتیەکانی زۆر و زۆرتر دەبن.
     بێگومان، ژن لە وڵاتی کوردەواریشدا، نەک هەر گیرۆدەیە بەم دەردەوە و مافەکانی ڕەچاو ناکرێن، بگرە زۆرتر تووشی چەوسانەوە و توندوتیژی و بەشخوراوی بۆتەوە. ئەگەر ژن، لە باقی وڵاتان لە بەر ژن بوون دەچەوسێتەوە و مافەکانی پێشێل دەکرێن خۆ لە وڵاتی کوردەواریدا هەم لە بەر ژن بوون دەچەوسێتەوە و هەم لە بەر کورد بوون. کە وابوو لێرە دوو جۆر ستەمی پێ ڕەوا دەبیندرێ و زۆرتر دەچەوسێتەوە.
      لە وەها دۆخێکدا، ژنان لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا، ئەرک و ماندووبونیان قورس و قورسترە و بۆی هەیە زۆرتر پشتگیری هەوڵ و چالاکی و تێکۆشانیان بکرێ. هەڵبەت دەبێ ئەو ڕاستیەش بڵێین کە ژنی کورد بە ئەرک و ڕۆڵی مێژوویی خۆی هەستاوە و بۆ بەدەست هێنانی مافە نەتەوەیی و ڕەگەزی و مرۆڤانیەکانی، شان بە شانی پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە خەبات وتێکۆشاندا بووە. مێژووی دەیان ساڵەی خەبات و قوربانیدانی ژنی کورد سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە.
     هەر بۆیەش دەخوازێ لە بەرامبەر هەوڵ و ماندوو بوون و قوربانیدانی ژنانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی کورد، سەری ڕێز و نەوازش دانوێنین و هاودەنگ لە گەڵ ئەوان بۆ بەدیهێنانی جیهانێکی ئازاد و بەختەوەر و یەکسان لە هەوڵ دا بین.
     مادام بۆ بەختەوەری و ڕزگاری مرۆڤ لە هەوڵ داین، دەبێ ئەو بەختەوەری و ڕزگاریە لە بەختەوەری و ڕزگاری ژنەوە بێت. لە بەر ئەوە کە ژن نیوەی کۆمەڵگەیە و ئەو نیوەکەی‌تریشی لە باوەشی ئەودا پەروەردە دەبێت.
     لە 8ی مارس ڕۆژی جیهانی ژناندا سڵاو لە سەرجەم ژنانی ئازا و یەکسانیخواز.

    8ی مارس لە هەموو ژنان پیرۆز بێت.


           --پاوە-------8ی مارس

12:19 - 13/3/2021 نوێ کراوەتەوە

بۆچوونی تۆ؟
Loading...
بۆچوون

هیچ بۆچوونێک دانەنراوە.