بیروڕا

08:07 - 20/12/2020

سیاوەش محەممەدی

کردنەوەی کۆریدۆرێک لە زاخۆوە بۆ حکوومەتی بەغداد،هەڕەشە یان دەرفەت!

ڕاپۆرتی ئابوری :

لە هەموو جیهاندا ٤٤ وڵاتی سەربەخۆ بوونیان هەیە، کە هیچ سنوورێکی ئاویان نییە و لە زانستی جۆغرافیای سیاسی بە "Landlocked country" ناسراون. بە هۆی نەبوونی سنوور بۆ زەریا، زۆرێک لەو وڵاتانە ناچارن بە شێوەی نێوەنجی پازدە لەسەد تێچووی زیاتری هەناردە و هاوردە بدەن و سەڕەڕای ئەوەش لە بواری سیاسی و ئابووریدا بەستراوەییان بە وڵاتانی جیرانیان زیاتر دەبێت.

بەڵام وەک باس دەکریت ئەو دۆخە دەتوانێت هەم دەرفەت بێت و هەمیش هەڕەشە. یەک لەو نموونانە کە ئەو دۆخەی کردووەتە بە دەرفەت، وڵاتی مەغۆلستانە. وڵاتی مەغۆلستان تەنها دوو وڵاتی جیرانی هەیە، واتە چین و ڕووسیا. لە ساڵی ٢٠١٦ ــەی ز. بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەر سێ وڵاتی چین-ڕووسیا و مەغۆلستان ڕیکەوتنێکیان بۆ کردنەوەی کۆریدۆرێکی ڕاستەوخۆی بازرگانی لە نێوان چین و ڕووسیا کە بە وڵاتی مەغۆلستاندا تێپەر دەبێت، واژۆ کرد و لەهەمبەریشدا، مەغۆلستان چەندین ئیمتیازی ئەمنی، بازرگانی و سیاسی وەرگرت، بە جۆرێک کە تەناهی نێوخۆیی مەغۆلستان بووەتە بە بەشێک لە تەناهی بازرگانی نێوان چین و ڕووسیا و هەر ئەوەش وای کردووە کە دوو وڵاتی چین و ڕووسیا گرنگییەکی زیاتر بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ مەغۆلستان بدەن و بازرگانی لە نیوان هێندێک هەرێمی خۆدمۆختاری چین و ڕووسیا بەشێوەییەک بە مەغۆلستان بەستراوە بن.

باسی کردنەوەی دەروازەییەکی سنووری نێوان تورکیە و حکوومەتی ناوەندی ئێراق لە ڕیگای خاکی هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت هەم دەرفەت بێت و هەمیش هەڕەشە.

ئەمن پێم وایە ئەوە هەڕەشەییەکی باشە لەسەر هەرێمی کوردستان، کە بە هەنگاوی ژیرانە بیکاتە دەرفەت و هۆکارێک بۆ سەقامگیری زیاتری هەرێمی کوردستان و بگرە ڕۆژئاوای کوردستانیش.

بۆ نموونە، هەرێمی کوردستان دەتوانێت، ڕێگا بە تورکیە و ئێراق بدات کە ئەو کۆریدۆرە بکەنەوە و لەبەرامبەریش ئێراق یان تورکیە، کۆریدۆرێکی هاوشێوە بۆ هەرێمی کوردستان گەرەنتی بکەن، تا هەرێم بە شێوەی ڕاستەوخۆ و بە بێ دانی باج دەستی بە بەندەری جیهان، یان بەندەری بەسرە ڕا بگات.

هەرێم دەتوانێت لەهەمبەر کردنەوەی کۆریدۆرێکی ڕاستەوخۆ لە تورکیە بۆ ئێراق، داوای کردنەوەی کۆریدۆرێکی لەو چەشنە، لە نێوان کوردستان-ئۆردۆن یان کوردستان-سعوودیە بکات. ، یا هەر هیچ نەبێت داوای گەڕاندنەوەی ناوچەکانی ماددەی سەدوچل واتە کەرکووک و شەنگال و خانەقین بکات.

ئەوەی کە لیرەدا جێگای ئاماژەیە، ئەوەیە بە کرانەوەی کۆریدۆرێک لە نێوان تورکیە-ئێراق تەناهی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان لە داهاتوودا دەبنە بەشێک لە تەناهی بازرگانی نێوان تورکیە و ئێراق، بە واتاییەکی تر تورکیە و ئێراق ناچار بە پاراستنی تەناهی هەرێمی کوردستان و لەوانەشە ڕۆژئاوای کوردستان دەبن.

بۆچوونی تۆ؟
Loading...
بۆچوون

هیچ بۆچوونێک دانەنراوە.