بیروڕا

06:24 - 2/12/2020

محەممەد خادمیانی

ئاستەنگەکانی بەردەم سیاسەتی دەرەوەی جۆ بایدن سەبارەت بە حکومەتی ئێران

جۆ بایدەن سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی نوێی خۆیدا خوازیاری گەرانەوە بۆ سەر مێزی وتووتوێژ و رێکەوتننامەی بەرجام( بەرنامەی گشتی کاری هاوبەش٥+١) دەگەڵ ئێرانە بە مەرجێک حکومەتی ئێران پابەندی رێکەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ی بێت. جۆ بایدەن دەیهەوێت گەمارۆکانی سەر حکومەتی ئێران سەبارەت بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ، پەرەساندنی موشەکی بالستیک و دەستێوەردان لە وڵاتانی دروسێ و پشتیوانی لە گروپە تیرۆریستەکانی ناوچە رابگرێت. ئەم ووتارە ئاستەنگەکانی بەردەم دەوڵەتی جۆ بایدەن لە ئاستی یەکێتی ئوروپا، رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوخۆی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ گەرانەوەی دوبارە بۆ برجام باس دەکات.

یەکێتی ئورووپا

  سەرۆک کۆماری ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ لە ساڵی ٢٠١٨ لە رێکەوتنی بەرجام هاتە دەر، بەڵام هەرسێک وڵاتی ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا لە رێکەوتنەکەدا مانەوە و دەگەڵ ئەمریکا نەکەوتن. ئەو سێ وڵاتە بەهێزەی ئوروپایی هەوڵیان دا بەرجامی نێوە مردوو راگرن و تەنانەت رێگەیەکی تایبەتی دارایان بە ناوی (ئینستێکس) بۆ یارمەتی دارایی و ماڵی ئێران کردەوە و ئەگەرچی لە کردەوەدا ئەوە نەبوو چاوەروانیان دەکرد. کۆمپانیا و بانکە گەورەکانی ئوروپا لە ترسی دەوڵەتی ئەمریکا بازەرگانی و هەموو مەعامەلاتی خۆیان دەگەل ئێران راگرت و بەکردەوە دەگەڵ گەمارۆکانی ئەمریکا لە سەر ئێران کەوتن.  ئەگەر جۆ بایدەن بگرێتەوە بۆ برجام بێگۆمان ئەو سێ دەوڵەتە ئوروپایە رەنگە دڵخۆش بن بەوەی کە دەتوانن لە رێگەی دیپلۆماسی حکومەتی ئێران کونتروڵ بکەن بەڵام بێگۆمان کۆمپانیا و بانکە گەورەکانی ئوروپا ئەو متمانەیان بە دەوڵەتی ئەمریکا نەماوە و هەمیشە ترسی ئەوەیان هەیە کە دوای چوار ساڵی دیکە سەرۆک کۆماری نۆێی ئەمریکا دوبارە گەمارۆ دەخاتە سەر ئێران. جۆ بایدنی ٧٨ ساڵە بە تەمەنترین سەرۆک کۆماری مێژوی سیاسی ئەمریکایە وتا کۆتایی دەورەی چوار ساڵەی سەرۆ کۆماری، جۆ بایدەن دەبێتە ٨٢ ساڵ و بێگۆمان ناتوانێت بۆ دەورەیەکی دیکە خۆ بەربژێر بکات و کامیلا هەریس ئەو کەسایەتی کاریزما و ئەزمونەی نیە ببێتە سەرۆک کۆماری داهاتوو. ئەوە دەتوانێت هۆکارێکی دیکە بێ بۆ دڵەراوەکی و ترسی کۆمپانیا مەزنەکانی ئوروپا کە بازەرگانی و سەرمایەگوزاری درێژخایەن دەگەڵ حکومەتی ئێران نەکەن.

 

رۆژهەڵاتی ناوەراست

رۆژهەڵاتی ناوەراستی ساڵی ٢٠٢١ زۆر جیاواترە لە رۆژهەڵاتی ٢٠١٥ و ئەمریکا و جۆ بایدەن تاکە هێزی یەکلاکەرەوەی  ئەو ناوچە ئاڵۆزە نابن.

دوناڵد ترامپ وەک تاجر و بازەرگانێکی شارەزا سیاسەت و ستراتیژی زیاتر لە نیو سەدەی ئەمریکای خستە ژێر پرسیار و سەلماندی کە ئاشتی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی تەنیا بە هاتووچۆ لە نێوان  رام اللە و بێت الحم سەرناگرت و شەقامەکانی دونیای عەرەب چیدی بریاردەری پرسی فەلەستین و ئیسرائیل نین. لەسەر داوا و پێداگری زیاتر لە سێ ساڵەی دەوڵەتی ترامپ، رێکەوتنی وڵاتانی  ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی  و بەحرین و سودان دەگەڵ وڵاتی ئیسرائیڵ بوو بە خاڵێکی وەرچەرخانی گەورەی مێژویی لە ٧٠ ساڵی رابردوو. گرینگی ئەو هاوپەیمانیە لەوەدایە کە ئیمارات و بەحرین هاوپەیمانی زۆر نێزیکی عەربستانن و زۆربەی شارەزایانی پەیوەندیەکانی نێودەوڵەتی لەوباوەرە دان ئەو هاوپەیمانیە بێ ئاگادری و رەزامەندی عەرەبستان نەکراوە و ئەو وڵاتانە بە هێزی پیادەی عەرەبستان ناو دەبەن. هەفتەی رابردوو میدیاکانی ئیسرائیل و ئەمریکا ئاشکرایان کرد کە نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و پامپێئۆ و محەممەد بن سەلمان لە عەرەبستان دیدار و چاوپێکەوتنیان بووە و ئەگەری رێکەوتنی ئەو دوو وڵاتە و چارەسەری پرسی فەلەستین لە داهاتوویەکی نێزیکدا زیاتر کردووە. سیاسەتی دەستێوەردان و پڕچەککردنی ملیشیاکانی وڵاتانی عەربی، گەشەپێدانی مووشەکی دوورهاوێژ و پەرەساندنی هیلالی شیعە، حکومەتی ئێرانی کردۆتە دوژمنی هاوبەشی وڵاتانی عەربی و ئیسرائیل. ئەو هاوپەیمانیە بەهێزە و نەمانی قاسمی سلێمانی ژئۆپۆلتیک و هەڵوێستی بریاردەرانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگۆرێت و جۆ نایدەن ناچارە گوێبیستی ویست و داخوازی ئەو هاوپەیمانە بەهێزی ناوچە بێت. دراوی عەربستان و لابی ئیسرائیل لە ئەمریکا ئاڵوگۆری گەورە و جیدی لە دارشتنی بریاراتی داهاتووی کۆشکی سپی و کۆنگرەی ئەمریکا سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەراست پێکدێنێت و بایدن ناچار بەوە دەکەن کە بەرجامی ٢٠٢١ زۆر جیاوازتر لە بەرجامی ٢٠١٥ بکات.

 

ناوخۆی ئێران

لە کەمتر لە ساڵێک، دوو کەسی یەکەمی پرسی وزەی ناوەکی/نیزامی  و هیلالی شیعی حکومەتی ئێران و بازووی بە هێزی عەلی خامەنەیی رێبەری ئێران کوژران. قاسمی سلێمانی وەک کەسی یەکەمی پرۆژەی هیلالی شیعی خامەنەیی و رێکخەر و هاندەرەی سەرکی ملیشیاکانی وڵاتانی عەرەبی بە فرۆکەی بێفرۆکەوانی ئەمریکایی لە فرۆکەخانەی بەغدا کوژرا. پاسدار موحسینی فەخریزادە جێگری وەزیری بەرگری و کەسی یەکەمی پرسی ناوەکی و نیزامی ئێران لە عەمەلیاتێکی کەموێنەدا لە ناو جەرگەی پێتەختی ئێران کوژرا. حەسەنی روحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە هەمیشە لاوازترە و توندرەوەکانی سەربە رێبەری ئێران دەنگیان بەرزتر بۆتەوە و باسی بێکەڵکی رێکەوتنی بەرجام دەکەن. بێمتمانەیی خەڵک بە دەسەڵاتدارنی ئێران، دارمانی ئابووری،  دابەزینی نرخی تەمەن، بیکاری و گرانی، دۆخی ئێرانی بردۆتە قۆناغێکی هەستیار. پێنج مانگ دوای هاتنە سەرکاری جۆ بایدەن لە ئێران هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریە و بێگۆمان بەشداری خەڵک زۆر کەم و دەسەڵات لە ئێران زیاتر یەکدەست دەبێت. سەرۆک کۆمارێکی نوێی توندرەو لە ئێران دەتوانی کاری تیمی دیپلۆماسی جۆ بایدن زۆر زەحمەتر بکات. رێکخراوی ئاژانسی ناوەکی لە دواترین ریپۆرتی سێ مانگانەی خۆی کۆمەڵێک پێشێلکاری جیدی حکومەتی ئێرانی لە بریارەکانی رێکەوتنی ئاژانسی وزەی ناوەکی راگەیاند. ئێران لە ماوەی کەمتر لە ساڵ و نیوێکدا ١٢ بەرامبەر زیاترلە رێکەوتنی ئاژانس، لە ٢١٠ کیلۆ را  ٢٤٤٣ کیلۆی ئورانیۆمی پیتاندۆتەوە و لیکۆلینەوە و پەرەساندنی هەزاران سانترفیوژی  پێشکەوتووی ( ئای ئار ٢ م) (ئای ئار ٤) و (ئای ئار ٦) لە سایتی نەتەز دامەزراندون.

هەرسێک وڵاتی فەرانسە، ئاڵمان و بریتانیا لە بەیانامەیەک داوایان لە ئێران کرد پابەندی رێکەونەکە بێت و وڵامی ئەو پرسیارانەی سەبارەت بە دوو سایتی نوێ و رێژەی سانترفیوژی نوێی پێشەکەوتوو و دۆزینەوەی زەراتی ئورانیۆم لە سایتی فۆردۆ بداتەووە و داوایان کردووە هەرچی زووتر رێژی سانترفیوژەکان و پیتاندنەوەی ئورانیۆم لە ئاستی ئیزن پێدارو راگرن.  ئەو بەیانامە توندەی ئەو سێ وڵاتە دەتوانێت یەکێک لە گرفتە سەرکەیەکانی دانیشتنی داهاتووی بەرجام دەبێت.

ترسی کۆمپانی و بانکە مەزنەکانی ئورووپا، ئارامی و هاوپەیمانی نوێی بەهێز لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، دۆخی دارماوی ئابووری، ئاڵۆزی و شێواوی سیاسی ونیزامی لە ئێران، پێشێلکاری بەردەوام و رەهای ماڤی مرۆڤ و بەتایبەت سەرکۆتی بێرەحمانە و درندانەی سێ سەرهەڵدانی جەماوەری دوای رێکەوتنی بەرجامی ٢٠١٥ ، پشتیوانی لە گروپە میلیشیا و تیرۆریستەکانی ناوچە، پەرپێدانی موشەکی دورهاوێژ و هێرشی موشەکی بۆ ئارامکۆی عەرەبستانی سعودی،  بەرجامی ٢٠٢١ لە بەرجامی ٢٠١٥ جیا دەکاتەوە. جۆ بایدن ئەگەر لەسەر دروشم و هەڵوێستەکانی سیاسەتی دەروەی خۆی بمێنێتەوە،  بە بێ رەزامەندی هاوپەیمانانی بەهێزی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەراست ناتوانێت بگەرێتەوە بەرجام و دەنا دەبێ چاوەروانی شەرێکی نەخوازراو و چاوەروان نەکراو بێت.

04:44 - 3/12/2020 نوێ کراوەتەوە

بۆچوونی تۆ؟
Loading...
بۆچوون

هیچ بۆچوونێک دانەنراوە.