بیروڕا

03:00 - 28/11/2020

ابراهیم حاجی

لە پەراوێزی پیشانگای کتیبی سلێمانی

پاش سەردانیمان بۆ پیشانگای کتێب لەسلێمانی، پێم باش یەک دوو وشە بۆ گوتن لەمەر سێ بابەتی پەیوەندیدار بنووسم.

یەکەم: ناساندنی پیشانگای کتێب پیشانگای کتێب : خستنەرووی کتێب و چاپکراوەکانی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە رۆشنبیریەکانە (ناوخۆیی و دەرەکی) شوێنی پێگەیشتنی خوێنەرو بەرهەمی نووسەرو بیرمەندانە، کەساڵانە لەجیهاندا چەندان نموونەو جۆری لەوڵاتان دەکرێنەوەو خەصڵەتی دووبارەو بەردەوامیان پێدراوە. پیشانگای ساڵانەی کتێبی سلێمانی نمونەیەکی جوانی لەم شێوەبوو کە بەرهەمهێنەران و فرۆشیارانی کتێبو بڵاوکردنەوە بەشداربوون زیاتر تیایدا. لە پاڵ ئەوەی بازارێکی فرۆشتنی کتێب بوو هەنگاوێک بوو بۆ بووژانەوەى کەرتی گەشتیاری و جوڵەیەکی ئابووری بۆ بازاڕ..

بەهۆی ئەوەی سەدان وهەزاران کەس لەناوچە جیاوازەکانی ناو کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش بەشداری لە پێشانگاکەدا کرد، وەدەشکرێ ئەم شێوە پیشانگایانە ببنە شوێنگەی چەند چالاکی و کۆرو ودیبەیت و وەرشەی کارو شوێنی کۆکردنەوەو بەیەککگەیشتنی نوسەران و رۆشنبیران و بەرنامەی تایبەت لەسەرکردنی تیا بەرهەم بێت. یەکەمین دەسپێکی ئەم نەریتە رۆشنبیری و کۆمەلایەتیە بەدروشمی ( كتێب ڕوناكی ژیانە ) لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی شاری سلێمانی لەپێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی رێكخرا كە لە 11 تا 23-11-2019 بەردەوام بوو.. ئیمساڵیش بەهەمان ریتم، ، کە تێیدا بەدەر لەبەشداری ناوخۆیی لە ١٨ وڵاتەوە ناوەندی ئەدەبی و چاپ و بڵاوکردنەوە بەشدارییان تیاکردبوو بەهەزاران کتێب نمایش کران. لە ١٨-١١تا ٢٧-١١-٢٠٢٠ بەردەوامی پیدرا.

 

دووەم: نووسین و کتیب بۆ؟ دیارە خوێندنەوەی کتێب بەدەر لەوەی چێژو خۆشی و ئاسوودەییەکی سایکۆلۆژی بۆ خوێنەر هەیە کاریگەری ئەرێنی لەسەر دەروونی و کەسێتی دەکات، لەهەمانکاتداو زیاتر کتێب و خویندنەوەی خۆراکیکی عەقل و هزرە، بەهۆیەوە ئەزموون و مەعریفەو زانیاری لای مرۆڤ هەم کەڵەکەدەکات و هەمیش پێی گەشەدەکات .کەدەکرێ ئیستا سوودی لیوەربگرێت یان دواتر وەک توێشوویەک بێت بۆ پرکردنەوەی پیداویستیەکانى و هەنگاوەکانی ژیانی و چارەسەری کێشەکانی و هتد چاو کراوەتر ی بکات وسوودی لێوەربگرێت . لێرەوە بۆ ئەوەی لەم ئامانجی راستەقینەی کتێبە، تاک و کوردەواری زیاتر نزیک بکەونەوە ئەوا: یەک: لەسەر ئاستی حکومەت و دەزگاکانی بڵاوکردنەوە فەرمی و نافەرمی..کەدەبێت تەنسیقێکی باش لەنێوان ئەمانەدا بۆ هەمیشەیی هەبێت و بۆئەوەی وەزارەتی رۆشنبیری و ئەو دەزگایانە لەهەرێمدا لەپاڵ پشتگیری کردنی چالاکی لەم شێوە ئەوا بەرنامەی ئاراستەکراوی هەمیشەیی خۆییان هەبێت پەرە بەبواری زمان و ئەدەبیات و کلتوورو فەرهەنگی نەتەوەیی و تواناو عەقلە مرۆیی و نیشتمانیەکەی بدەن. بیری زاڵی پارەداری و سودی مادی لای کۆمپانیاکان بۆ ئەم مەبەستە بقۆزنەوە. دوو: ئاستی تاک (نووسەران) نووسین بۆ خۆی هاتنە گۆیە، بەمانا هاتنە گۆیەکی ناراستەوخۆ، لەبری گوتن و وشەی راستەوخۆ بۆ ئەگەر نوسین بریتی بێت لە گواستنەوەی ئەو هزرو بیرو مەعریفەو راستیەی کە لای مرۆڤە بۆ سەر تیانووس (ئەوتیانوسە هەرچی بێت لەسەرکاغەزو پارچە پەرۆیەکەوە بیگرە تا پەیج و واڵی نێو جیهانی میدیا ) بەو نیگارو رەمزانەى کەهەر زمانێک دارایەتی، لەجیاتی هاتنەگۆی بەشێوەی راستەوخۆ. دیارە ئەمە پرۆسەیەکەو بەئامانجێکەوە دەنوسرێت، بەمانا مرۆڤ ئەوکاتەی دەیەوێ بێتەگۆ: با سێ شت لەبەرچاوی بێت:

١- ویستی چاکەو ئینسانیەت و خزمەت بەمرۆڤایەتی ئامانج ولەبەرچاو بێت.

٢- گیانی ئازادی و سەربەخۆیی بەلەنوسینەکانیدا رەنگی دابێتەوە! بەمانا ئایدیای نووسەر خۆی قسەبکات و خۆی بێت هاتبێتە گۆو نەک هێنرابێتە گۆو هتد..

٣- کاری جوینەوە و دووپاتی قسەی ئەم و ئەو نوسینی ئەم و ئەو نەبێت، داهێنان و شاکاری پێوە دیاربێت.. با پرانسیپە ئینسانی و مەعریفی و زانستی و رۆشنبیریەکانی تیا لەبەرچاو گیرا بێت، بەپاشخانێکی گەورەوە هاتبێتەگۆ، کە ئاگای لەو داهێنانە مەزنەی جیهان بوبێت. ئەمە بەمانای بەرگیری نیە لەنوسین وهاتنەگۆ، بەڵکوو مەبەستمە بلێم ئەوەی دواجار دەمێنێتەوەو خزمەت بەمرۆڤایەتی دەکات دواجار بۆئەوی نووسەر وەک توێشووی کارو بۆ مرۆڤایەتیش پربەرهەم دەبێت ئەو نوسینەیە کە ئەم سێ خاڵەی تاچەند زیاتر تیابێت. سێیەم: خوێنەر خوێنەر سادەترین پێناسەی ئەوەیە کە دەخوێنێتەوە، تەماشەی کتێب دەکات بە ئامانجی وەرگرتنی زانیاری و مەعریفەو چێژوەرگرتن لێی. خویندنەوەش پرۆسەیەکی مەعریفیە و تیایدا خوینەر هیماو کۆدە بەکار هاتوەکانی نووسەر لەدوو توێی نوسینەکەیدا شیدەکاتەوە بۆ پرۆسەی تێگەیشتن و پەیبردن بە دیاردەو پرسەکانی ژیان و واقیعی کۆمەڵایەتی. ئیتر نابێت کاری هەر جوینەوە بێت، مەکەر بۆ ئیستیدلال و بەلگەهێنانەوە بۆ راو بۆچوونەکانی نەبێت!! گەئەمەش هۆکارێکی فێربون و پەیوەندیگرتن و رۆشنبیری و تێگەیشتنە لە مرۆڤ و ژیان و دەسکەوتەکانی لەم سەرزەمینە. نەریتی خوێنەری ئێمە لاسەنگە لەو کلتوورەی کە لەسەدەی پێشووەوە دەستی پێکردوە لە مەلاو وتارەکانیان و نوسینەکانیانەوە دەستی پێکردوەو تا بەئیمرۆش بەردەوامە. وەک موستەفا زەڵمی ئاماژەی پێدەدا : (مەلاکان و زانایانی ئاینی کورد نەریتیکی خرابیان داهێنا بەوەی هەمیشە مرۆڤی موقەلیدو نەریتیان درووستکردوە، بەوەی کەخۆی وون بێت و قسەکانیشی هی ئەم و ئەو بێت و لەبری قسەی خۆیان قسەی شافیعی و ئیبن وکێ و کێ بجوونەوەو نەتوانن رایەکی خۆیان و بیرکردنەوەی خۆیان بخەنە سەر تیانووس و پێی بێنە گۆ.) خوێنەری راستەقینە ئەوەیە کەدەخوێنێتەوە بۆ ئەوەی خۆیشی بێتەگۆ، بێتە گۆ بەخۆی و بەو گەنجینە هزریو عەقڵانیەی کەکۆی کردوەتەوە، لە ئەزمونی و ژیانی کۆمەڵایەتی و لەو کتێبانەی خوێندونیەتەوە، نەک بێتەگۆ بەوەی خوێندویەتیەوەو بەناوی نوسەرەکانیەوە بیجوێتەوە بۆ ئەوانی تر. نەك ئەوەی کابرا خۆی قسەیەکی نەبێ و و رستەو وشەکانی کتێبەکانی ببێ بە بارانی هاتنەگۆی. خۆی قووڵبوونەوەی و بیرکردنەوەی پەنابخات و خوێندنەوەکانی ببێ بە بەدیلی ئەوەی.. دواجار دەمەوێ بڵێم ئەوەی من بینیم و هەستم پێکرد زیاتر ئیمساڵ:

١- کتێبخانەی کوردی لاوازە، لاوازە لەو روەوەی کە زمانی زانستی و مەعریفی غەیرە کوردی تیا باڵاگەردانە.

٢- هێشتا تابۆی ئاین و ئایدیۆلۆژیا و عەقلی لاسایی و چینایەتی، نەک لەسەرکتێب و بڵاوکردنەوەکان بەڵکو لەسەر رووبەرو مەوداو چەندی ورووبەری فرۆش و تەنانەت ناوی هەندێ دەزگاکانیش هەستی پێدەکرا.

٣- خەمی کرینی کتێب زۆر بوو، بەڵام بەتاڵی گیرفان هێزی کرینی چۆرەی تێخستبوو، کەمم بینی جانتای پرکتێب بێ و بێتە دەرەوە لە پیشانگاکە.. ٤- پرانسیپی خویندنەوەو بیری قووڵێ پشت خوێندنەوە کزبوو بەشێوەیەکی گشتی، لەسادەترین نمونەیدا: کرینی هەمە جۆری کتیب لەبری کرین بە پێی پسپۆری لای کریاران بەسانایی هەستی پێدەکرا..

03:02 - 28/11/2020 نوێ کراوەتەوە

بۆچوونی تۆ؟
Loading...
بۆچوون

هیچ بۆچوونێک دانەنراوە.