ئابووری

11:49 - 1/11/2020

وەزیری دارایی عێراق وادەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دیاری دەکات

وەزیری دارایی عێراق وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 فەرمانبەران دیاری دەکات و رایگەیاند، "دەکرێت مووچەی مانگی تشرینی یەکەم دوای دوو هەفتەی دیکە دابەشبکرێت."

د. عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، قەیرانی دارایی وڵات لەم رۆژانەی دواییدا دروستنەبووە و ئاماژەی بەوەشکرد، هەر کاتێک پەرلەمان یاسای کورتهێنانی دارایی پەسندکرد، راستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.
 
وەزیری دارایی عێراق روونیکردەوە، حکومەتی ئێستای عێراق رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە و پارەی نەختینەی نییە و گوتیشی، "دەکرێت مووچەی مانگی تشرینی یەکەم دوای دوو هەفتەی دیکە دابەشبکرێت، ئەگەر یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی پەسندنەکرا."

هەروەها راشیگەیاند، زۆربەی فەرمانبەران پێشنیازی بڕینی دەرماڵە نایانگرێتەوە، ئەو بابەتە ئێستا لە پرۆژە یاسای بودجەدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، دەشڵێت، ئەو بڕینەی دەرماڵە بەشێکی سنووردار دەگرێتەوە، بەبێ ئەوەی دەست بۆ مووچەی بنەڕەتی ببرێت.
 
لەبارەی قەرزەکانی عێراقەوە، وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەکرد، قەرزە دەرەکییەکانی عێراق لەنێوان 60 بۆ 70 ملیار دۆلاردایە و  قەرزی ناوخۆش بە نزیکەی 60 تریلیۆن دینار دەخەمڵێندرێت. هاوکات راشیگەیاند، "لەم مانگەدا پرۆژە یاسای بودجەی 2021 رەوانەی پەرلەمان دەکەن، کە جێبەجێکردنی قۆناخی یەکەمی پەڕەی سپی لەخۆگرتووە."
 
د.عەلی عەللاوی  جەختی لەوەکردەوە، کەمکردنەوەی پشکی هەناردەکردنی نەوتی عێراق کاریگەری لەسەر داهات هەبووە، بژاردەی بەخێرایی زیاترکردنی داهاتەکان لەماوەیەکی کورتخایەن بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان کارێکی نیمچە ئەستەمە.

وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە لە 15 بۆ 18ی مانگ فەرمانی دەستکردن بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەردەکات، بەڵام دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول دواکەوت و رۆژی چوارشەممە 7/10/2020 دەستی بە دابەشکردنی مووچە کرد. مووچەی مانگی 10ش تاوەکو ئێستا دابەشنەکراوە.

بۆچوونی تۆ؟
Loading...
بۆچوون

هیچ بۆچوونێک دانەنراوە.