هەورامان

11:21 - 1/11/2020

کۆرۆنا تەنگی بە پارێزگای هەڵەبجە هەڵچنیوە،شوێنی نەخۆش نەماوە

قاوشی نه‌خۆشخانه‌کانی کۆرۆنا لەھەڵەبجە پڕبوون و توانای وەرگرتنی ھیچ نەخۆشێکی نوێ نەماوە

د. شاناز نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەداخەوە ھەردوو نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت به‌كۆرۆنا له‌ھەڵەبجە پڕبوون و توانای وەرگرتنی ھیچ نەخۆشێکی نوێ نەماوە.

دەشڵێت: قاوشەکانی کۆرۆنا لەنەخۆشخانەی وەفا و نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی توانای وەرگرتنی نەخۆشیان نەماوە و باری تەندروستی سەرجەم نەخۆشەکانیش ناجێگیرە و سەرجەمییان لەژێر ئۆکسجین و چاودێری وردی پزیشکی دان.

وتەبێژی تەندروستی هەڵەبجە راشیدەگەیەنێت: لەئێستادا توانای کەرتی تەندروستی سنوردارە و بەھیچ شێوەیەک توانای کردنەوەی قاوشی زیاترمان نیە بەھۆی کێشەی کەمی پزیشک و کارمەندی تەندروستی و پێداویستی پزیشکی و دەرمان و چارەسەرەکان.

نەقشبەندی داواکاریشە لەھاوڵاتیان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و ڕێکارەکانی خۆپارێزی ئەنجام بدەن و ھاوکاریان بن لەتێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە، بەتایبەتی بەستنی ماسک و دوور کەوتنەوە لە قەرەباڵغی.

سەبارەت بەدوایین ئاماری کۆرۆناش لەهەڵەبجە دەڵێت: لەکۆی گشتی 5729 پشکنین له‌ سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه 2529 حاڵەتی توشبوون بەڤایرۆسی کۆرۆنا و 2301 حاڵەتی چاکبوونەوە تۆمار کراوە و به‌ داخه‌وه 91 حاڵه‌تی گیان له‌ده‌ستدان هه‌بووه‌, لە ماوەی مانگی ڕابردوودا زیاد لە 50 حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر بەرزترە بەراورد بەمانگەکانی ڕابردوو.

بۆچوونی تۆ؟
Loading...
بۆچوون

هیچ بۆچوونێک دانەنراوە.