کوردستان

11:10 - 22/10/2020

بە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال 250 ھەزار ئاوارە دەگەڕێنەوە شوێنەکانیان

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھەماھەنگی قەیرانەکان سەربە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، حکومەتی ھەرێم حەوت ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری بۆ ئاوارەکان خەرج کردوە و لەبەرامبەردا، حکومەتی عێراق تەنها 180 ملیۆن دۆلاری خەرج کردوە، دەشڵێت، لە ئەگەری جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال، 250 ھەزار ئاوارە دەگەڕێنەوە شوێنەکانیان.

ھۆشەنگ محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھەماھەنگیی قەیرانەکان سەربە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندوە، نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ كه‌ کۆی گشتی خەرجی ئاوارەکان لە حەوت ساڵی رابردودا لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بریتیی بووە لە؛ حەوت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی زۆر لەو ئاوارانەی دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، بەهۆی نەبونی خزمەتگوزاری و ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکانیان جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە کەمپەکان، لە ساڵی 2017 تا ئێستا نزیکەی 600 هەزار خێزان گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان لە هەمو پێکهاتەکان، بەڵام تا ئێستاش میوانداری نزیکەی 738 هەزار ئاوارە دەکەین کە نزیکەی 152 هەزار خێزانن، لەو ژمارەیەش سەدا 20ی لە کەمپەکان نیشتەجێن و سەدا 80ی لەناو شار و شارۆچکەکان دەژین.

ھۆشەنگ محەمەد ئەوەشی خستەڕو، لەدوای ساڵی 2018 بەهۆی کەمی خزمەتگوزاری و نەبونی ئیدارەیەکی بەهێز بەتایبەت لە دەرەوەی شارە گەورەکانی وەکو موسڵ، کەرکوک، سەڵاحەدین و ئەنبار، هەروەها نەبونی ئەمن و ئاسایش و نەبونی پاڵپشتییەک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان لەدوای گەڕانەوەیان، ئەوە کاریگەرییەکی گەورەی کردوەتە سەر ژمارەی ئەوانەی دەگەڕێنەوە بە تایبەت بۆ ناوچەکانی دەشتی نەینەوا.

دەشڵێت، "مانگی رابردو، نزیکەی هەزار و 600 کەس گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان، هەندێکجاریش دوای ئەوەی ئاوارەکان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام بەهۆی نەبونی خزمەتگوزاری و ئەمن و ئاسایش، ئەوا جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە بۆ کەمپەکان لە هەرێمی کوردستان و مانگی رابردو، 184 خێزان کە ژمارەیان 900 کەس بو دوبارە گەڕانەوە کەمپەکان لە هەرێمی کوردستان".

وتیشی، ''پێشتر یەک ملیۆن و 650 هەزار ئاوارە و پەنابەر هەبو لە هەرێمی کوردستان، 68 کەمپ هەبون، ئێستا 37 کەمپ لە هەرێمی کوردستان ماون، لەو ژمارەیەش 11 کەمپ پەنابەران لێی نیشتەجێن و ئەوانی دیکەش ئاوارەی ناوخۆی تێدایە''.

لەبارەی رێککەوتننامەی هەرێم و بەغدا لەبارەی شنگال، هۆشەنگ محەمەد وتی، "لەئێستادا کار دەکەین بۆ دانانی میکانیزمێکی گونجاو بۆ ئەوەی ئەگەر رێککەوتننامەکە جێبەجێکرا بتوانین میکانزمەکەی خۆمان جێبەجێ بکەین لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ئاژانسەکانی یوئێن و پارێزگاکان و بەشێوەیەکی خێرا کارەکە ئەنجام بدەین''.


بابەتی زۆرتر

بابەتی پەیوەندیدار
رێککەوتننامەی شنگال
بۆچوونی تۆ؟
Loading...
بۆچوون

هیچ بۆچوونێک دانەنراوە.