هەورامان

12:14 - 16/10/2020

ژیاننامەی نەمر مامۆستا عوسمان محەممەد هەورامی

عوسمان‌محەممەدهەورامی (1940-2020)

مامۆستا عوسمان هەورامی، ساڵی 1940 لە شارۆچکە و هاوینەهەواری دڵگیر و جوانی تەوێڵە لە باوەشی خێزانێکی کەمدەرامەتدا لەدایکبووە.
ساڵی 1947 لە قوتابخانەی تەوێڵە خراوەتە بەر خوێندن و لەگەڵ دەرچوونیا بۆ پۆلی دووەم، ساڵی (1948)، باوکی بە ماڵەوە هاتووەتە شاری سلێمانی و لەوساوە تاکو ئەمڕۆ لەو شارەدا جێگیرن و پاشان براوەتە قوتابخانەی کانی‌ئاسکانی سەرەتایی و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی، بەشی وێژەیی لەشاری سلێمانی تەواو کردووە.

ساڵی 1958 لە قوتابخانەی تەوێڵەی سەرەتایی کوڕان مامۆستای کاتی بووە. چونکە لەبەردەستکورتی نەیتوانیوە بۆ تەواوکردنی خوێندن بچێتە شاری بەغدا.

ساڵی 1959 کە بۆ یەکەمینجار لە کۆلێژی ئاداب لە بەغدا بەشی زمانی کوردی کراوەتەوە، لەوێ وەرگیراوە، بەڵام بەداخەوە لەبەرنەبوونی و هەژاری تەنیا دوو مانگ بەردەوام بووە بەناچاری گەڕاوەتەوەو لە گوندی (چنارنە)ی سەر بە شارەدێی بنگرد کراوە بە مامۆستای کاتی.
🔸 لەهاوینی 1960 دا خولێکی تایبەتی و بەهێز بۆ دەرچوانی دواناوەندی کراوەتەوە، ئەویش بەشدار بووەو بە پلەی یەکەم تەواویکردووەو خۆبەخشانە چووە بۆ دوورترین گوند لەشاری سلێمانییەوە کە گوندی (شێنێ)ی سەر بە قەڵادزێ یە. بەشانازییەوە دەیان وشەی ڕەوان و ڕەسەن لە خەڵکی ئەو گوندە وەرگرتوون، هەربۆ نمونە، وشەی (ئاماژە) کە بۆ یەکەمینجار لە نوسینیا بەکاریهێناوەو لە نوسینیا بەکاریهێناوەو و بڵاوبوەتەوە.

ئەم مامۆستایە بە ئەشقی پیرۆزی پەروەردەی بەرین و کوردایەتی پاکژەوە بەردەوامبووە و لەم قوتابخانانەشدا سەرقاڵی گەیاندنی هەردوو پەیامە پیرۆزەکە بووە: (زانستی ئێواران، سەیوان، دەگاشێخان، هەورامان، تەوێڵە، ئەیوبییە، ئاراس، پەیمان، گزنگ، میدیا، هێمن، کانی، دووکان، دەبەندیخان، ناوەندی نەورۆزی کچان- وانەبێژی ئینگلیزی). چەندین پێشنیاری پێشکەش بە پەروەردە کردوون بۆ بژارکردنی هەندێک کتێبی خوێندنەوەی کوردی – بەتایبەتی ئەلفبێکەی مامۆستای پێشەنگ (ئیبراهیم باڵدار) لە دانان و چاپکردنی کتێبی ئەلفبێی کوردیدا بۆ گەورە مناڵان، هاوکارییەکی بنەڕەتی کردووە.

ئەم مامۆستایە لە بوارە جیاجیاکانی نوسین و وتار و هۆنراوەدا سەرقاڵە، بەڵام زۆرتر لە بواری هۆنراوەی پەروەردە و ئەدەبیاتی مناڵان خەریکە، ماوەی دوانزە ساڵیش ڕۆژانە لە ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستانەوە، بەرنامەی پەروەردەیی (خەندە)ی پێشکەش بە مناڵانی کوردستان دەکرد، کە هەر خۆیشی ئامادەی دەکرد. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بۆماوەی (47) ساڵ مامۆستا بووە و چەندین وەچەی پیرۆزی پێگەیاندوون. بەرامبەر بە ڕاژە هەمەلایەنەکانی، لەلایەن ئەم لایەنە ڕێزدارانەوە، خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش کراوە: وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان- دوو جار. بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سلێمانی، بنکەی ئەدەبی ڕۆشنبیری گەلاوێژ، دووەمین فیستڤاڵی هەورامان، بانگهێشتی حەوتەمین کۆنفرانسی زمانی دایک، سەنتەری فرە زمان- ڤێستەرۆس- سوید).

ساڵی 2003-2006 وەک شارەزا لە خانەی وەرگێڕان کاریکردووە.

بەردەوام هاوکاری باخچەکانی ساوایانی کردووە. لە زۆربەی گۆڤار و بڵاوکراوەکانی تایبەت بە ئەدەبیاتی منداڵان بەرهەمی بڵاوکراوەتەوە.

زیاتر لە پانزە کتێبی بۆ چاپکراون و بە بیست کتێبدا چۆتەوە و پێنج کتێبی داڕشتۆتەوە و لە شەش کتێبیشدا هاوکاری کردووە.
لەو کتێبانەی کە چاپیکردوون، حەڤدەیان هی جیهانە جوانەکەی منداڵانن.

 

نامیلکە و کتێبە چاپکراوەکانی بۆ منداڵان :
1-شاهۆ: هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی، 1970
2-خونچە گوڵ، هۆنراوەی پەروەردەیی، چاپی یەکەم 2000، چاپی دووەم 2008، سلێمانی.
3- مناڵ و گوڵ، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی، 2001.
4- مافەگەشەکانم، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی 2003
5- جیهانە جوانەکەمان، ئۆپەرێت و شانۆگەری جیهانی منداڵان، هەولێر 2004.
6- چاوانی باوان، هۆنراوەی پەروەردەیی، هەولێر، 2004.
7- شنەی شادی، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی 2004
8- هەشتەمین دانا، چیرۆک بۆ منداڵان، لەعەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردی، سلێمانی 2004
9- مافی مرۆڤ، بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی، لەگەڵ لیژنەیەکدا، سلێمانی 2004
10- لایلایەی دایکانی کورد، لەگەڵ هاشمی سەلیمی دا، سلێمانی 2005
11- لالەزار، هۆنراوەی پەروەردەیی، هەولێر 2007
12- گوڵبژێرێک هۆنراوەی پەروەردەیی بۆ باخچەکانی ساوایان، هەولێر 2008
13- گوڵزاری پەروەردە، هۆنراوەی هەڵبژاردە، سلێمانی 2009
14- ئاسۆی گەش، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی 2009
15- ڕۆشنایی، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی 2009
16- گەشە، هۆنراوەی پەروەردەیی، هەولێر 2009
17- چریکە، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی 2010
18- بۆقی گەشتیار، چیرۆک بۆ منداڵان، داڕشتنەوەی بۆ کردووە، سلێمانی 2007.


بابەتی زۆرتر

بابەتی پەیوەندیدار
مامۆستا عوسمان هەورامی
بۆچوونی تۆ؟
Loading...
بۆچوون

هیچ بۆچوونێک دانەنراوە.