کوردستان

02:01 - 18/10/2020

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سووتاندنی بارەگای پارتیی لە بەغدا شەرمەزار کرد

ئەمڕۆ نێچیروان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەدەرکردنی ڕاگەاندراوێک، هێرشکردنە سەر بارەگای لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان و سووتاندیی لە بەغدا بەدەستی ئتندام و لایەنگزانی حەشدی شەعبی بە توندی شەرمەزار کرد نێچیروان بارزانی: هێرشکەران بۆ سەر بارەگای پارتی لە لایان گرووپێکی لە یاسادەرچووەوە هێرشکردنە سەر مێژووی خەباتی هاوبەشێ کورد و هێزە عێراقییە شۆڕشگێڕەکان لە پێناو نەهێشتنی زۆرداری و دیکتاتۆری.

دەقی ڕاگەیاندراوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سووتاندنی بارەگای پارتی لە بەغدا لە لایان ئەندام و لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە:

سه‌رله‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ گرووپێكى له‌ياساده‌رچوو بارەگای لقی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە شاری بەغدا سووتاند و لە کاتی هێرشەکەدا ئاڵای کوردستان و وێنەی سیمبولەکانی کورد سووتێندراون و ئاڵای حەشدی شەعبی هەڵکراوه‌.
ئێمە ئەو هێرشە شەرمەزار دەکەین و بە کردەوەیەکی ئاژاوەگێڕانەی دادەنێین. هێرش بۆ سه‌ر باره‌گاى حزبێك كه‌ هێزێكى سه‌ره‌كيى ڕووخاندنى دكتاتۆرى بووه‌ له‌ عێراق، هێرشه‌ بۆ سەر مێژووی خەباتی هاوبەشی کورد و هێزە عێراقییە شۆڕشگێڕەکان لەپێناو نەهێشتنی زۆرداری و دیکتاتۆری. هەڕەشه‌يە بۆ سەر  پێکەوەژیانی ئاشتیانە، لەباربردنی ئاشتيی کۆمەڵایەتی و سیاسييه‌ و لەگەڵ بنەماکانی دەستوور و  دیموکراسى و مافەکانی مرۆڤ، ناكۆكه‌.
هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و هێزە چەکدارەکانی عێراق مێژوویەکی تازەی هاوبەشیان لە شەڕی داعشدا تۆمار کرد، ئێمە هیوادارین ئەو هاوبەشییە هاوکارییەکی زیاتری بەدوادابێت لەڕووی سیاسییەوە لەپێناو دەربازکردنی هەموو خەڵکی عێراق لەو بارودۆخە ناخۆشەی تێیکەوتووە. 
نابێ هیچ لێدوان و مشتومڕێک لە هیچ بوارێکدا ئەو هاوبەشییە تازەیەی نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراقى تازه‌دا تێکبدات، دەبێ هەموو لایەک ئەو هاوخەباتییەی ڕابردوو بەکار بێنین بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی فیدرالیی عێراق لەپێناو هێنانەکایەی بەڕێوەبردنێکی باشتر کە لە خزمەت خەڵکی عێراقدا بێت.
داوا لە هەموو لایەک دەکەین بە ئارام مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووداوە بکەن و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە یاساییيەکانیان بە شێوەیەکی جددی و خێرا دەستپێ بکەن و تێكده‌ران ڕووبه‌ڕووى ياسا بكرێنه‌وه‌. 
 
      نێچیرڤان بارزانی 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان 
                    17/10/2020
 

02:02 - 18/10/2020 نوێ کراوەتەوە

بۆچوونی تۆ؟
Loading...
بۆچوون

هیچ بۆچوونێک دانەنراوە.