ژنان

02:49 - 12/10/2020

د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی جیهانی کچاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە

دەقی پەیامەکە...

ڕۆژی ۱۱ی ئۆکتۆبەری هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانی (کچان)ە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی کچان لە جیاکاریی ڕەگەزیی و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە گشت بوارەکاندا، ڕایگەیاندووە.

لەم ڕۆژە تایبەتەدا، پیرۆزبایی لە هەموو کچانی کوردستان دەکەم، هیوادارم شێلگیرانە داکۆکی لە مافەکانیان بکەن، مکوڕ بن لەسەر بە دەستهێنانی دەرفەتی یەکسان، پشت بە توانا و لێهاتوویی خۆیان ببەستن و لە بوارێکی دیاریکراودا تایبەتمەندی و پسپۆریی وەربگرن، بە ئیرادەی پۆڵایینەوە ئاستەنگەکانی بەردەمیان تێکبشکێنن، دەرفەت نەدەن کەس گرەو لەسەر تێکشکاندنیان بکات، خێزان و خوێندنگە و شوێنکار و شەقام بکەنە مەیدانی خۆسەلماندن و کێبەرکێی بونیادنەرانە.

هەر لەم ڕۆژەدا سوپاسگوزاریی هەموو ئەو خێزانانەم کە جیاوازیی لە نێوان کچ و کوڕەکانیان ناکەن، دەستی ئەو دایک و باوکانە ماچ دەکەم کە باوەڕ و متمانەیان بە توانای کچەکانیان هەیە، هەر ئەوان دەتوانن ژنی بە ئیرادەی خاوەن کەسایەتی بەهێز بۆ ئاییندە دروست بکەن چونکە وێستگەی یەکەمی بونیادنانی کەسایەتی بەهێزی متمانە بەخۆی خوڵقێنەر خودی خێزانە.

لەم ڕۆژەدا، دەستی باپیرم (باوکی دایکم) و باوکم و دایکم ماچ دەکەم کە بە بێ ئەوەی هیچ لە بارەی ئەم جۆرە ماف و پڕۆتۆکۆڵانە بزانن، هەر بە سروشتی خۆیان باوەڕیان بە یەکسانی هەبوو، پشتیوانیان کردم، بەرگەی فشاری کۆمەڵگە و دەوروبەریان گرت و زەمینەی خۆپێگەیاندنیان لە نێو خێزانێکی مامناوەندەوە بۆ ڕەخساندم، دەربەستی هیچ یەکێک لەو ڕوانگە و کۆمێنتە نەرێنییانە نەهاتن کە بۆ خوێندن و بۆ چالاکی و هەڵسوڕانی ڕێکخراوەیی و حیزبی و میدیایی ئێمە دەبوونە ئاستەنگ...ئارامی و ئاسوودەیی بۆ ڕۆحی داپیرەم کە وەک قەڵا پشتیوانم بوو، نموونەی باڵام بوو، زۆر بەهێز بوو، زۆر تابیەت بوو.

د. رێواز فایەق

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان


بابەتی زۆرتر

بابەتی پەیوەندیدار
د. رێواز فایەقسەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
بۆچوونی تۆ؟
Loading...
بۆچوون

هیچ بۆچوونێک دانەنراوە.