کوردستان

01:04 - 15/10/2020

داوامان کردووە دەوامی ناوەندەکانی خوێندن و فەرمانگەکان ئاسایی بکرێتەوە

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە 17 بڕیاری گرنگ دراون، هەروەها بەشێكی زۆر لە داخوازی و رێكارە پێویستەكان بۆ ئەم قۆناخە باسكران، ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێیانوایە ئەوەی لە كۆرۆنا مەترسیدارترە بژێویی خەڵك و دابین نەكردنی مووچەیە.

هەڤاڵ ئەبو بەكر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بەشێكی زۆر لە داخوازی و رێكارە پێویستەكان بۆ ئەم قۆناخە، لە كەرتەكانی پەروەردە، تەندروستی، دەروازە نێودەوڵەتیەكان، فڕۆكەخانەكان، رێكخستنی ئاستی خۆپارێزی، ئامادەكردنی دامودەزگاكانی تەندروستی بۆ چارەسەركردن، هێزەكانی ناوخۆ و زۆر سێكتەری دیكە باسیان لێوە كرا.

 

بە گوتەی پارێزگاری سلێمانی "پێمانوایە ئەوەی لە كۆرۆنا مەترسیدارترە و بووەتە هۆكاری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان و تووشبوون و تاڕاددەیەك بێباكیی خەڵك، دەگەڕێتەوە بۆ بژێویی خەڵك و دابین نەكردنی مووچە، بۆیە ئەمڕۆ جەختمان كردەوە لەوەی بتوانرێت دەوامی ناوەندەكانی خوێندن، زانكۆكان و فەرمانگەكان ئاسایی بكرێتەوە بۆئەوەی ژیان ئاسایی بكرێتەوە".

 

هەڤاڵ ئەبوبەکر داوایکرد، داوایان لە حکومەت کردووە پابەندی دابینکردنی مووچە، بودجەی دامودەزگاکان و شایستە داراییەکان بێت، بۆئەوەی بتوانن رووبەڕووی بارودۆخەکە ببنەوە و دەڵێت "حكومەتیش جەخت دەكاتەوە كە هەموو هەوڵەكانی بۆ دابینكردنی مووچەیە". هەروەها جگە لە داوای ئاساییکردنەوەی دەوامی فەرمانگەکان، داواشدەکات بازاڕیش کە تووشی ساردبوونەوە بووە، "گەرم بکرێتەوە".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی داراییەوە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت.

 

بۆچوونی تۆ؟
Loading...
بۆچوون

هیچ بۆچوونێک دانەنراوە.