تەندروستی

12:15 - 13/10/2020

ئێران: تاقیكردنەوەی یەكەم ڤاكسینی كۆرۆنای ڕاگەیاند

لەگەڵ بەردەوامی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی كۆرۆنا لە ئێران، لە چەند هەفتەی داهاتوودا یەكەم ڤاكسینی كۆرۆنا لەو وڵاتە لەسەر مرۆڤ تاقی دەكرێتەوە.

"سەعید نەمەكی" وەزیری تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، ڤاكسینێكی كۆرۆنایان لەسەر "مەیمون" تاقیكردووەتەوە و ئەنجامی باشی هەبووە، بڕیاریشە لە ماوەی ٢ بۆ ٣ هەفتەی داهاتوو ئەو ڤاكسینە لەسەر مرۆڤ تاقی بكەنەوە. "نەمەكی" جەختی كردەوە هەموو ئەو هەنگاوانەی "تاران" بە ئاڕاستەی دورستكردنی ڤاكسینی كۆرۆنا دەینێت بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان و پڕۆتۆكۆڵەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی و دامەزراوەی دەرمان و خۆراكە.

هاوكات وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا ٤ هەزار و ٢٠٦ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركراوە و ٢٧٢ تووشبووش گیانیان لە دەستداوە. بەوەش كۆی گشتی تووشبووانی كۆرۆنا لە ئێران بۆ ٥٠٤ هەزار و ٢٨١ كەس بەرزبووەوە و ٢٨ هەزار و ٨١٦ تووشبوو گیانیان لە دەستداوە و ژمارەی چاكبووانیش بۆ ٤٠٩ هەزار و ١٢١ كەس بەرزبووەتەوە. لە كۆی ٣١ هەرێمیش، ٣٠ هەرێم لە ڕەوشێكی تەندروستی مەترسیداردان.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەندامێكی لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە ئێران ڕایگەیاندووە ڕەوشی تەندروستی تەنها لە "تاران" مەترسیدار نییە، بەڵكو هەموو ئەو وڵاتە لە ڕەوشێكی ناجێگیردایە و پێویستە بۆ ماوەی ٣ هەفتە كەرەنتینی سەرتاسەری ڕابگەیەندرێت، كە ئەوە تاكە ڕێگەچارەیە بۆ سنورداركردنی بڵاوبوونەوەی كۆڤید-١٩.

پێشتریش وەزیری تەندروستی ئێران ڕایگەیاندبوو، ئەگەر بیانەوێت كۆرۆنا سنوردار بكەن، دەبێت بەستنی دەمامك بە ناچاریی فراوانتر بكرێت و شارەكان و شوێنە گشتییەكانی تریش بگرێتەوە. ئەو پێشنیارەش دوای ئەوە دێت كە بەستنی "دەمامك" لە "تاران" كراوە بە ناچاریی و "حەسەن ڕۆحانی" سەرۆكی ئەو وڵاتەش ڕایگەیاندبوو، هەر كەسێك بە پێچەوانەی ئەو بڕیارە بجوڵێتەوە، ڕووبەڕووی سزا و باج دەبێتەوە.

بۆچوونی تۆ؟
Loading...
بۆچوون

هیچ بۆچوونێک دانەنراوە.