کوردستان

08:39 - 24/9/2020

ئەگەر دزی و تاڵانی لە گومرگەكان نەبێت پێوست ناكات بۆ مووچە تكا لە عێراق بكەین

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئەوان وەكو لیژنەی دارایی سەردانی هەموو گومرگە فەرمی و نافەرمییەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، دەشڵێت "ئەگەر دزی و تاڵانی لەو گومرگانە نەبێت و كۆی داهاتەكان بۆ گەنجینەی حكومەت بێت، رەنگە پێویست نەكات بۆ مووچە هێندە تكا لە عێراق بكەین".

هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "كۆی داهاتی گومرگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ گەنجینەی حكومەت ناگەڕێتەوە، تەنانەت بەشێكی بۆ پارتەكانیش نییە و ژمارەیەك كەس خۆیانی پێ دەوڵەمەند دەكەن و پرۆژەكانیان بەو داهاتە تەواودەكەن".

 

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان پێیوایە، ئەو كەسانەی بەشێكی داهاتی گومرگەكان دەبەن، كوردستان و خەڵكیان بەلاوە گرنگ نییە و هەر كاتێك رووداوێكی نەخوازراو روویدا كوردستان جێدێڵن، تەنانەت بەشێكی زۆری پارەكانیشیان حەواڵەی دەرەوە كردووە، دەشڵێت "داوا لە حكومەت دەكەم گوشارێكی زۆر بخاتە سەر ئەو دەروازانە و كۆی داهاتەكە بگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی بۆئەوەی بتوانین مووچەی فەرمانبەران دابین بكەین".

 

سەبارەت بە پرۆژە یاسای فرۆشتن و بەكرێدانی موڵكی دەوڵەت هێڤیدار ئەحمەد گوتی "پرۆژە یاسای فرۆشتن و بەكرێدانی موڵكی دەوڵەت چاكسازی لە فرۆشتن و بەكرێدانی موڵكی دەوڵەت دەكات، ئیدی نە شارەوانی، نە وەزیر نە هیچ كەسێك ناتوانێت‌ بە ئارەزووی خۆی زەوی بفرۆشێت".

 

لەبارەی میكانیزمی فرۆشتن و بەكرێدانی موڵكی دەوڵەت، دەڵێت "دوو لیژنە هەن، لیژنەیەك تەنیا هەڵسەنگاندن و خەمڵاندن بۆ موڵكەكە دەكات و نرخی خەمڵێندراو دیاریدەكات، لیژنەیەكی دیكەش موڵكەكە دەفرۆشێت، ئەو لیژنانەش ماوە ماوە دەگۆڕدرێن، لیژنەی فرۆشتن بە رێگەی زیادكردنی ئاشكرا موڵكەكە دەفرۆشێت یان بە كرێی دەدەن، بەكرێدانیش بەو شێوەیە نییە هەتا هەتا بۆ كەسێك بێت، بۆ ماوەی 25 ساڵە، هەر باڵەخانەیەكیشی لەسەر بونیاتبنرێت دوای 25 ساڵ بۆ دەوڵەت دەبێت، جارێكی دیكە حكومەت بە زیادكردنی ئاشكرا بەكرێی دەداتەوە".

بۆچوونی تۆ؟
Loading...
بۆچوون

هیچ بۆچوونێک دانەنراوە.