ڕاپۆرت

12:50 - 16/6/2020

پەیامی مامۆستاطاهر بامۆکی

پەیامی مامۆستاطاهر بامۆکی

پەیامی سەرجەم زانایانی سنوری پارێزگای هەڵەبجەیە .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرجەم زانایانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە پشتیوانی پەیامە دڵسۆزانەکەی جەنابی مامۆستا(طاهر بامۆکی)ن کەپشتیوانییە لەخەڵکی برسی و بەشمەینەتی کوردستان بۆگەڕاندنەوەی حەق و مافیان و لەوەزیاتر برسی نەکرێن ...
.......................................
دەقی پەیامەکەی جەنابی مامۆستاطاهر بامۆکی .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
           بسم الله‌ الرحمن الرحیم
 ﴿ وَالْعَصْرِ (1) إِنَّ الْإِنْسَانَ لَفِي خُسْرٍ (2) إِلَّا الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ وَتَوَاصَوْا بِالْحَقِّ وَتَوَاصَوْا بِالصَّبْرِ ﴾
 بۆ ئه‌و مه‌لایه‌ی كه‌ نیگه‌رانه‌ له‌ وتاره‌كه‌ی ڕۆژی جومعه‌ 12-6-2020 و بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی تریش له‌ هاو وڵاتی و كاربه‌ده‌ستان و حیزبی و حكومی, كه‌ گرته‌یه‌كی قرتێنراوی وتاره‌كه‌م توڕه‌ی كردن و قسه‌ی خراپیان كرد: 
پێتان ده‌ڵێم السلام علیكم,
  خۆزگه‌ هه‌رئاواش كاتێك ئه‌و هه‌موو سته‌م و نادادپه‌روه‌ری و تاڵان و چه‌پاوه‌ی داهات و سامانی ئه‌م كوردستانه‌تان ده‌بینی ته‌نها یه‌ك وشه‌تان بوتایه‌, به‌ سته‌مكارانتان بوتایه‌ له‌خوابترسن‌, كه‌ی ڕه‌وایه‌ مناڵی شیره‌ خۆری ناو بێشكه‌ و پیری نه‌وه‌د ساڵه‌ی خه‌ڵوه‌تخانه‌ و پێش مه‌رگه‌ی به‌ره‌ی جه‌نگ و دكتۆری نه‌خۆشخانه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و حه‌ماڵی بازاڕ و دایكی شه‌هید و مناڵی گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌روازه‌ی ڕاپه‌ڕین و جوتیاری ده‌شتی هه‌ولێر و شوان و ته‌قته‌ق و شاره‌زور و بتوێن و شۆفێری تاكسی و پاص و ده‌رچوی زانكۆ و بوك و زاوای ڕۆژی زه‌ماوه‌ن و مامۆستا و فه‌قێی مزگه‌وت و حوجره‌كانی كوردستان موعه‌لیمی قوتابخانه‌ و خانه‌نشینی پشت چه‌ماوه‌ی گیرخواردوو به‌ ده‌ست شه‌كره‌و په‌ستانی خوێن و پرۆستات و شێرپه‌نجه‌ و ڕه‌بوه‌ و گورچیله‌ وه‌ستاوی گیرفان خاڵی كه‌ ده‌بێت هه‌فته‌ی سێ جار غه‌سلی بۆ بكرێت ........... ئه‌مانه‌ و ئه‌وه‌نه‌ و ئه‌وه‌نه‌ی تریش هه‌موو ده‌ناڵێنن هه‌موو قۆڕه‌ی سكیان دێت, هه‌زاران خێزان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ له‌به‌ر نه‌بوونی و قه‌رزاری ....خۆزگه‌ مامۆستامه‌لا(؟؟؟؟؟) و وه‌زیر و كادیره‌ حیزبییه‌كان بۆ ئه‌وانه‌ش ئاوا ئاگریان تێ به‌رببوایه‌ وه‌ك وتاره‌كه‌ی مامۆستا طاهر بامۆكی دێوانه‌ی كردن و له‌ نزیكه‌وه‌ به‌ میكایله‌كانی كوردستانیان بوتایه‌ هه‌ی هاوار فریابكه‌ون گه‌ل تیاچوو, وڵات وێران بوو.
ئه‌وه‌ من نیم ئه‌و باو دۆخه‌م دروست كردووه‌, هاواریشم بۆ ئه‌وه‌یه‌ مه‌سته‌كان به‌ ئاگا بێنه‌وه‌, خه‌وتووه‌كان خه‌به‌ریان ببێته‌وه‌.
به‌ڕێزان جه‌ماوه‌ری كوردستان من بیست ده‌قیقه‌ زیاتر قسه‌م كردووه‌ له‌و وتاره‌دا, هه‌ژده‌ ده‌قیقه‌ی وه‌ك زێڕی عه‌یاره‌ بیست و چواره‌, باسی مه‌ترسی كۆرۆنا و سوپاسی دكتۆره‌كان و په‌رستار و كارمه‌نده‌كانم كردووه‌, داوام كردووه‌ له‌ جه‌ماوه‌ر پابه‌ند بن به‌ ڕێنماییه‌كانه‌وه‌, باسی ئه‌و عوزرانه‌م كردووه‌ كه‌ هاو وڵاتی ده‌توانێ نه‌ڕوات بۆ جومعه‌ و جه‌ماعه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌بوون, له‌ كۆتاییدا داوام كردووه‌ له‌ كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم و حیزبه‌ حاكمه‌كان تكایه‌ وه‌رن به‌ده‌م ئه‌و خه‌ڵكه‌وه‌, موچه‌كانیان بده‌نێ به‌ ڕه‌قی به‌ توندی ئه‌وه‌م گه‌یاندووه‌,  ئه‌م بڕگه‌یه‌ی كۆتایی وتاره‌كه‌م زۆرێك له‌وانه‌ی ڕقیان له‌ حكومه‌ته‌ قرتاندویانه‌ و په‌خشیان كردووه‌ له‌ كه‌ناڵ و فه‌یس بوكه‌كانیانه‌وه‌ ....بێ ئه‌وه‌ی پرسم پێ بكه‌ن, من ڕازی نه‌بووم كه‌س وتارم بقرتێنێ به‌ڵام بۆ ده‌بێت ئێوه‌ گوێ له‌ هه‌موو وتاره‌كه‌ نه‌گرن و پاشان بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن.
من مامۆستا مه‌لا طاهر بامۆكی بۆ ئه‌و كاته‌ ژیر بووم و مه‌لای باش بووم كه‌ له‌ حه‌ڤده‌ی شوبات و دواتردا خۆپیشاندان بوو ده‌یان ڕۆڵه‌ی ئه‌م گه‌له‌ به‌ ناهه‌ق كوژران, ده‌یان باره‌گا و بازاڕ ئاگری تێ به‌ردرا, به‌ڵام مامۆستا بامۆكی به‌ هاوكاری مامۆستایانی هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌نجه‌ خه‌مخۆره‌كانی شاره‌كه‌م و پیاوه‌ دڵسۆزه‌كانی ناوچه‌كه‌ چوینه‌ ناو خۆپیشانده‌ران به‌ردمان به‌ركه‌وت داریان كێشا به‌ پشتمانا قسه‌و جنێوی نه‌شیاومان پێ درا به‌ڵام نه‌مان هێشت خوێن بڕژێت بازاڕ و باره‌گا بسوتێنرێت, هێنده‌ هه‌وڵه‌كانم له‌به‌ر چاو بوو به‌قسه‌ی كادیره‌ گه‌وره‌كانی هه‌ردوو حیزبی حاكم‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانی و هه‌ولێر، ئه‌و ڕۆژو‌ و شه‌وانه‌  سه‌رۆكی پارتی و هه‌رێمی ئه‌وكاته‌ مه‌سعود بارزانی و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت قوباد تاڵه‌بانی و چه‌ندین به‌رپرسی هه‌ریم له‌ هه‌ولێر و سلێمانی به‌ بروسكه‌ و ته‌له‌فون هاتنه‌ سه‌رخه‌ت و ده‌ست خۆشی و سوپاسیان ده‌كردین, وه‌فدیان ده‌نارد بزانن داواكاری مامۆستا چی یه‌ بابۆی جێ به‌ جێ بكه‌ین, به‌ڵام من و مامۆستایان وتمان ته‌نها داواكاریمان داواكاری جه‌ماوه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ورامان و شاره‌زوره‌ خزمه‌تگوزاری-خستنه‌ سه‌رپێی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌- دامه‌زراندنی ده‌رچووان- هه‌لی كار..... ئیتر هیچ داوایه‌كی شه‌خصیمان نیه‌ و له‌به‌ر خه‌ڵات و به‌رات ئه‌وه‌مان نه‌كردووه‌ به‌ڵكو بۆ پاراستنی خوێنی ڕۆڵه‌كانمان و سامان و سیمای شاره‌كه‌مان ئه‌و زه‌حمه‌ته‌م قبوڵ كرد چ عه‌جه‌ب ئه‌و ڕۆژه‌ ژیربووم و مه‌لای باش بووم؟ به‌ڵام كه‌ به‌ حكومه‌ت و كاربه‌ده‌ستانت وت پشتی چاوت برۆیه‌ ئیتر قیامه‌ت هه‌ڵ ده‌سێ و دنیا وێران ده‌بێت و له‌ عه‌یاری 24 ده‌بیت به‌ ته‌نه‌كه‌ و له‌ دڵسۆزه‌وه‌ ده‌بیت به‌ گێره‌ شێوێن و ده‌ستی ده‌ره‌كیت له‌ پشته‌؟ صه‌د حه‌یف بۆیه‌ حاڵمان به‌م ڕۆژه‌ گه‌یشت, كۆمه‌ڵێك له‌ ده‌ورو به‌ری كۆشكی ئاغاكانن ته‌نها بژی وبژی و ده‌ستتان خۆش بێت ده‌زانن, ناوێرن یه‌ك وشه‌ بڵێن  كه‌ بڤه‌ بێت. كاكه‌ مه‌لایه‌ك ده‌ڵێ ده‌بوو مامۆستا به‌ (قولا لینا) ئامۆژگاری به‌رپرسه‌كانی بكردایه‌ نه‌ك به‌ توڕه‌یی, من به‌و مه‌لایه‌ ده‌ڵێم ده‌ی جه‌نابی مامۆستا من نه‌مزانی تۆ به‌ قسه‌ی خۆش و نه‌رم و نیان پێیان بڵێ موچه‌ی خه‌ڵك بده‌ن هه‌لی كار بخه‌نه‌ بازاڕ, پاره‌ مۆڵكراوه‌كان بهێننه‌وه‌ ناو كوردستان, پێیان بڵێ كۆشك و ته‌لاری هه‌ور بڕ بۆناو گه‌لی برسی و بێ كار ناشێ ده‌بێت به‌ چاوه‌وه (العین حق) ‌, پێیان بڵێ بێنه‌ ناو گه‌ل بێنه‌ بازاڕ مه‌ترسن, با گه‌ل بتانبینێ و بزانێ ئێوه‌ له‌و گه‌له‌ن ... ئومێده‌وارم مامۆستا ئه‌وه‌ی من نه‌مزانی بیگه‌یه‌نم ئه‌و بیگه‌یه‌نێ و میله‌ت له‌م زیندانه‌ ڕزگار بكات.   
    له‌گه‌ڵ ڕێزی مامۆستا مه‌لا طاهر بامۆكی بۆ هه‌موو خۆشه‌ویستانم بۆ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان, بۆ ئه‌وانه‌ش لێم توڕه‌ بوون
                                             15-6-2020 هه‌ڵه‌بجه

بۆچوونی تۆ؟
Loading...
بۆچوون

هیچ بۆچوونێک دانەنراوە.