کوردستان

01:49 - 22/8/2020

ئەو مامۆستایەی پەنجا هەزار کەسی فێری کوردیی کردووە

ئەو مامۆستایەی پەنجا هەزار کەسی فێری کوردیی کردووە


دوکتۆر عەدنان بەرزنجی، وەک زۆربەی ئەو کەسانەی خەمی گەورەیان پاراستن و پەرەپێدانی زمانی کوردییە، ساڵانێکە ئەرکی پیرۆزی فێرکاریی زمانی کوردیی لە ئەستۆگرتووە. هەوڵ و ماندووبوونەکانی کاک عەدنان لەم پێناوەدا، وەک دڵسۆزان و خەمخۆرانی تری ناسنامەی کوردیمان، بۆ پاره و پله و پایه نەبووە و بەڵکوو بۆ دڵی خۆی و بووژانەوەی زمان و فەرهەنگی گەلەکەی بووە.
 
ئەنستیتووی زمانی کوردیی ڕاژە، که لە ساڵی ۱۳۸۳دا (۲۰۰٤) لە لایەن د. بەرزنجی-یەوە لە سنە دامەزرا، دەوری گرنگی گێڕاوە لە چالاکی لە بواری فێرکاریی زمانی کوردیدا و تا ئێستا نزیکەی پەنجا هەزار کەس لەوێ فێری زمانی کوردی بوونە. ئەو ئەنستیتوویە نوێنەرایەتی و بریکاری لە پیرانشار و کرماشان کردۆتەوە و سەرکەوتووانە چەندین خولی جیاجیای بەڕێوەبردووە وەک ڕێزمان (کوردیی ناوەندی، سەروو، خواروو و هەورامی)، ڕێنووس (عەرەبی-ئارامی و لاتین)، چیرۆک‌نووسین، نالی‌ناسی، مەولەوی‌ناسی، هەژارناسی، کارگەی شیعر، ڕوون‌بێژی و ڕەوان‌بێژی، کارگەی وەرگێڕان و خولی ڕاهێنانی مامۆستای زمانی کوردی.

د. عەدنان بەرزنجی لە ساڵی ۱۳۸۳ەوە چالاکانە چەندین خولی فێرکاریی زمانی کوردیی لە زانکۆگەلی کوردستان، زانستە پزیشکییەکانی کوردستان، ئازاد و پەیام نووری سنە بەڕێوەبردووە و هەموو ئەو خولانەش خۆبەخشانە بوونە. کاک عەدنان بە دەعوەتی بەندە چەندین وانەشی بۆ خوێندکارانی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان لە سنە وتووەتەوە. تێزی دوکتۆرای کاک عەدنان لە دەڤەری مێژوودایە و سەبارەت بە پێوەندیی ئەدەبی کوردی و بزوتنەوە سیاسییەکان لە  ئێراندا لە ڕاپەرینی مەشرووتەوە تا شۆڕشی ۱۹۷۸ نووسراوە. کاک عەدنان، بێجگە لەمانەش، خاوەنی کومەڵی کتێب و وتاری بەپێزە و زۆربەی نووسینەکانیشی بە کوردین

بۆچوونی تۆ؟
Loading...
بۆچوون

هیچ بۆچوونێک دانەنراوە.