زانست و تەکنەلۆژی

01:45 - 10/3/2020

بۆ ماوەیەکی کاتی فەیسبووک ڕێکلامی دەمامکە پزیشکییەکان بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە تۆڕەکەیدا قەدەغە دەکات

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی CNBC بێت، کۆمپانیای فەیسبووک سەرجەم ڕێکلامەکانی دەمامکە پزیشکییەکان لە تۆڕەکەیدا بۆ ماوەیەکی کاتی قەدەغە دەکات.

ئەم بڕیارەی فەیسبووک بە مەبەستی ڕووبەڕوو بوونەوەی هەڵمەتە چەواشەکارییەکانی پەیوەندیدار بە ڤایرۆسی کۆرۆناوەیە، بەمەش تاوەکو ماوەیەکی کاتیی نادیار کۆمپانیاکە ڕێگە نادات هیچ کەس و لایەنێک ڕێکلام بۆ دەمامکە پزیشکییەکان بکات لە نێو هەردوو تۆڕەکانی فەیسبووک و ئینستەگرامدا.

کۆمپانیاکە خواستی دەربڕیوە لەسەر دەرکردنی هەر بڕیارێکی دیکە کە ڕێگری لە چەواشەکارییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو بارودۆخە خراپە تەندرووستییە جیهانییە بکات.

لە نزیکەوە چاودێری ڤایرۆسی COVID-19 (کۆرۆنا) دەکەین و وە هەر نوێکارییەکی گرنگ لە یاساکانماندا دەکەین ئەگەر بەکارهێنەران لە ڕێگەی دیکەوە هەوڵی چەواشەکاری حاڵەتەکە بکەن. ئەم یاسا نوێیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت.

ڕۆب لیسێرن، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمەکانی فەیسبووک.

هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە، فەیسبووک هاوکاری ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی بووە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی چەواشەکارییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

هەر سەبارەت بە دەمامکە پزیشکییەکان، کۆمپانیای EBay فرۆشتنی دەمامکە پزیشکییەکانی لە کۆگا سەرهێڵییەکەیدا قەدەغە کرد و Amazon ـیش سەرجەم ئەو فرۆشیارە لایەنە سێیەمینییانەی لە کۆگا سەرهێڵییەکەیدا سڕییەوە کە نرخی دەمامکە پزیشکییەکانیان بەرز کردبووەوە.

بۆچوونی تۆ؟
Loading...
بۆچوون

هیچ بۆچوونێک دانەنراوە.