زانست و تەکنەلۆژی

01:49 - 10/3/2020

ئەپی Facebook Messenger بە دیزاینی نوێ و خێرایی دوو هێندە نوێکرایەوە

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەوەمان زانی کە فەیسبووک دەیویست گۆڕانکاری لە دیزاینی ئەپی نامەبەری Facebook Messenger ـدا بکات. ئێستا دەست کرا بە بەردەستکردنی دیزاینەکە بۆ بەکارهێنەرانی ئەپەکە لە iOS.

بە هۆی ئەوەی کە بەشی Discover چیدیکە بەشێک نییە لە ئەپەکە، بەشی یارییەکانی Facebook Instant Games ـیش سڕایەوە کە پێشتر لە نێو بەشی Discover ـدا بوونی هەبوو. بە گوێرەی فەیسبووک بێت، هۆکاری لابردنی بەشی Discover دەگەڕێتەوە بۆ سوود نەگەیاندن بە بەکارهێنەران.

لە بڵاوکراوەکەی فەیسبووکدا، مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە لەم وەشانە نوێیەدا هەست بەوە دەکەیت کە ئەپەکە زۆر خێراتر دەکرێتەوە و کاردانەوەی خێراترە لە نێو ئەپەکانی دیکەدا. بەمەش لە کاتی کردنەوەی ئەپەکەدا بۆ چەند جارێک لە ڕۆژێکدا، پێویست ناکات چەند چرکەیەک چاوەڕێ بکەیت تاوەکو ئەپەکە بە تەواوەتی بکرێتەوە.

هەر سەبارەت بە خێرایی ئەپەکە، فەیسبووک لە بڵاوکراوەیەکی دیکەدا ڕایگەیاندووە کە سەر لە نوێ ئەپەکەیان داڕشتۆتەوە و 85% ـی کۆدەکانی نێویان کەمکردۆتەوە.

فەیسبووک ئاماژەشی بەوە کرد کە لە داهاتوودا تایبەتمەندییە سڕاوەکانی نێو ئەپەکە زیاد دەکەنەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکرد کە کام تایبەتمەندییانەی ئەپەکەی سڕیوەتەوە یاخود کەی زیادیان دەکاتەوە.

من ئەپەکەم نوێ کردەوە، بەڵام دیزاینە نوێیەکەم پێ نەگەیشتووە و بەشی Discover هەر لە نێو ئەپەکەدا بوونی ماوە، وا دەرناکەوێت لە هەمان کاتدا سەرجەم تایبەتمەندییە نوێیەکان بگاتە دەست بەکارهێنەرانی ئەپەکە.

وەشانە نوێیەکەی ئەپە بە گۆڕانکارییە ئاماژەپێکراوەکان بەردەستە بۆ داگرتن بۆ iOS، فەیسبووک هیچی نەگووت سەبارەت بە زیادکردنی هەمان گۆڕانکارییەکان بۆ ئەپەکە لە Android.


بابەتی زۆرتر

بابەتی پەیوەندیدار
Facebook Messenger
بۆچوونی تۆ؟
Loading...
بۆچوون

هیچ بۆچوونێک دانەنراوە.